لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌ كۆده‌نگی ده‌ستبردن بۆ مافه‌كانی كورد ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌

"كێشه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكی ده‌ستوور نییه‌.. كێشه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستووره‌"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

لایه‌نه‌ سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان به‌ كۆده‌نگی ده‌ستبردن بۆ مافه‌ ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش له‌مباره‌یه‌وه‌ دەڵێ: بەلای حزبه‌كه‌یه‌وه‌ دەستبردن بۆ دەستوور لەم دۆخە شڵەژاوەی ئێستای عێراق كارێكی گونجاو نییە، چونكە وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، كێشەكان كە سەریان ھەڵداوە لە جێبەجێ نەكردنی دەستوورە نەك ناوەڕۆكه‌كه‌ی.

له‌كاتێكیشدا لێژنەی ھەمواردكردنەوەی كه‌ ژمارەیان 30 كەسە و شەش ئەندامی لێژنەكە كوردن، تا ئێستا پێنج كۆبوونەوەی راوێژكارییان ئەنجامداوە و بەسەر دوو گرووپدا دابەشبوون، ڤیان سه‌بری، ئەندامێكی كورد له‌و لێژنەیه‌ دەڵێت: دەستووری عێراق وەك ناوەڕۆك ھیچ گرفتێكی تێدانییە، بەڵام گرفتەكە له‌ جێبه‌جێكردنیدایه‌.

ئەوەی بەلای سەركردایەتی سیاسی كوردەوە ھێڵی سوورە، دەستبردنە بۆ ئەو برگە و ماددانەی كە پەیوەستن بە فیدڕاڵی عێراق و مافەكانی گه‌لی كورد، سەبارەت بەمەش لە چەند رێگەی جیاوازەوە پەیامیان داوەتە بەغدا، كە كێشەیان لەگەڵ ھەمواركردنەوەی بەشێكی بڕگەكانی دەستوور نییە ئەگەر كاریگەرییان لەسەر مافەكانی ھەرێمی كوردستان و ماددەی  140 نەبێت.

H.B