سامان فه‌وزی: ده‌بێت بۆ ئه‌گه‌ره‌كان ئاماده‌بین
K24 – سلێمانی:
مامۆستای زانكۆ و ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، "سامان فه‌وزی" رایگه‌یاند، "پێویسته كورد ژووری عه‌مه‌لیاتی تایبه‌تی هه‌بێت و یه‌كگرتوو بێت، خۆی بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده بكات".
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (22ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2019)، له میانی به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌م پیشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كتێبی سلێمانی، "گوڵباخ به‌هرامی" بێژه‌ر و پێشكه‌شكاری كوردستان24، گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی و ئه‌ندامی خولی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق "د. سامان فه‌وزی" ئه‌نجامدا.
له‌و گفتوگۆیه‌دا، ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆی سلێمانی باسی له‌وه كرد، كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان به تایبه‌تی هه‌ولێر و به‌غدا گرنگه. پێویسته ره‌چاوی ئه‌وه‌ش بكرێت، ئه‌و كه‌سانه كێن و له چ ئاستێكی بڕیار دان كه كۆبوونه‌وه‌كان ده‌كه‌ن.
گوتیشی: "له ماوه‌ی رابردوودا ره‌وشێكی گونجاو بۆ ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ری كێشه‌كان هاتبووه ئارا. له هه‌ولێر حكومه‌تێكی بنكه‌فراوانی به‌هێز و له به‌غداش حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی هاتنه پێشه‌وه. كه سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌وه ناسراو بوو له‌گه‌ڵ كورد دۆستایه‌تی هه‌یه، هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌وی په‌سند بوو. بۆیه هیوای ئه‌وه ده‌خوازرا به‌شێك له كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و توانراش بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی لانیكه‌م كێشه‌ی مووچه چاره‌سه‌ر بكرێت".
روونیشیكرده‌وه، كێشه‌كانی دیكه ته‌نیا به قسه‌كردنی دوو كه‌س چاره‌سه‌ر ناكرێن، چونكه رێككه‌وتنی سیاسی و رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان و ره‌زامه‌ندی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیان پێویسته.
سه‌باره‌ت به خۆپیشاندانه‌كانی عێراقیش گوتی: "داواكاری خه‌ڵك ره‌وایه. لایه‌نه‌كانیش دان به‌و راستییه‌دا ده‌نێن. ئاشكراشه، كه كێشه‌كان كه‌ڵه‌كه‌بووی چه‌ند ساڵی رابردوون و په‌یوه‌ست نین به كابینه‌ی حكومه‌تی ئێستاوه".
سامان فه‌وزی باسی له‌وه‌شكرد، "ده‌كرا، حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی له یه‌كه‌م ساڵی ته‌مه‌نیدا هه‌ندێك گۆڕانكاری و چاكسازی بكات، كه جێده‌ستی دیار بێت و هاووڵاتیان ئه‌نجامه‌كه‌ی ببینن. به‌ڵام نه‌یتوانی له ساڵی یه‌كه‌مدا ئه‌و به‌ڵێنانه جێبه‌جێ بكات، كه به خه‌ڵكی دابوون".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كی له كاروباری ناوخۆی عێراق هه‌یه، به تایبه‌تی ده‌ستتێوه‌ردانی هه‌رێمایه‌تی و زلهێزان و ئه‌و وڵاتانه‌ش هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان پێش به‌رژه‌وه‌ندی عێراق ده‌وێت.
له باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی داهاتوو و ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كان، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، گوتی: "هه‌موو ئه‌گرێك له ئارادایه. ده‌كرێت هه‌ر شتێك رووبدات، به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تیشه‌وه، بۆیه پێویسته كورد یه‌كگرتوو بێت، پلانی هه‌بێت و خۆی بۆ ئه‌گه‌ره‌كان ئاماده بكات و ژوورێكی عه‌مه‌لیاتی بۆ ئه‌و ئه‌گه‌رانه هه‌بێت".