هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مەریكا ئێرانییه‌كان دابه‌ش دەكات

به‌شێكی هاووڵاتییانی ئێران: ئه‌مریكا شه‌ڕ ناكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا تا دێ پەرە دەستێنن و ئەمەش لە ناوخۆی ئێراندا کاردانەوەی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە. بەشێك لە خەڵكی ئێران پێیان وایە ئەمەریکا ئەگەر ویستبای هێرش بكاتەسەر وڵاتەکەیان تائێستا دەیکرد. ھەندێكی دیكە دەڵێن، ئیدارەی تره‌مپ ئەو هەموو چەک و تەقەمەنییەی لە خۆوە نەناردووەتە ناوچەکە.

دۆخی گراپی ئابووری و ئەو گرانییەی ساڵێکە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمەریکاوە بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە، ئێستا مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕیشی هاتووەتە سەر.

ماوەی دوو ھەفتەیە حکوومەتی ئەمەریکا هێزێکی زۆری سەربازیی هێناوەتە ناوچەکە و بە فەرمیش رایگەیاندووە دەستپێشخەری شەڕ نابێت، بەڵام ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەوە بە توندترین شێوە وەڵام وەردەگرێ. 

سەرۆکی ئەمەریکاش لە تویتێکدا هۆشداریی داوە ئەگەر ئێران خوازیاری شەڕ بێت ئەوا ئێران بە فەرمی کۆتایی پێدێت. لە ناوخۆی ئێرانیشدا هێندێک کەس پێیان وایە ئەمەریکا ئەو هەموو هێزەی لە خۆوە نەهێناوەتە ناوچەکە و ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ یەکجار زۆرە.

ئایەتوڵڵا خامنەیی، وەک رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و داڕێژەری سیاسەتە گشتییەکانی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، نە شەڕ دەکەن و نە دانووستانیش قەبووڵ دەکەن. ئەمەش بەو مانایەیە تەنانەت ئەگەر شەڕێکیش روونەدات، سیاسەتی زۆرترین گوشاری ئەمەریکا بۆسەر ئێران بەردەوام دەبێت و خەڵکی ئەم وڵاتە ساڵێکی ئابووری زۆر سەختتر لە ساڵی رابردوویان لە پێش دەبێت.

ھ.م