ھەسەدە ئاستەنگەكانی شەڕی داعش لە باغۆز ئاشكرا دەكات
K24 - باغۆز
رووبهری دهسهڵاتی داعش له پارێزگای دێرزوور، تهنیا له چهند كیلۆمهترێكی چوارگۆشه بهرتهسك كراوهتهوه. به گوتەی فەرماندە و شەڕڤانانی ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ههسهده)، ئاستهنگی سەرەكیی پێشڕهوییەكانیان، بوونی هاووڵاتییانی سڤیله، چونكه داعش ئهو هاووڵاتییانه وهك قهڵغانی مرۆیی بهكاردههێنێت.
ئەكرەم ساڵح، پەیامنێری كوردستان24 لە دوا خاڵەكانی شەڕ لە دێرەزوور، زانیاری لەبارە شەڕی ھەسەدە و چەكدارانی داعش دەخاتەڕوو و ئاماژه بهوه دهكات، كه ھەرچەندە شەڕڤانانی ھەسەدە داعشیان لە باغۆز گەمارۆ داوە، بەڵام چەكدارانی داعش ھەموو رێگەیەك بۆ بەرگری دەگرنەبەر، وەك شەڕڤانان باسی دەكەن، سەرەكیترین ھۆكار، كە بۆتە ئاستەنگ لەبەردەم ئۆپەراسیۆنی ئەوان لە قۆناخی كۆتاییدا ئەوەیە، داعش ھاووڵاتییان باغۆز وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاردەھێنێ.
عەدنانی عەفرینی، فەرماندەی ھەسەدە لە بەرەكانی شەڕ بە كوردستان24ی گوت: "ئێستا داعش تەنھا لە دوا خاڵەكانی باغۆز ماوە، بەشی زۆری ناوچەكەمان رزگار كردووە، لەو شوێنانەی كە ماون خۆیان لەناو خەڵكی سڤیل شاردۆتەوە، ئێمەش نامانەوێت خەڵكی سڤیل بكوژرێت، راستە داعش ھێشتا ماون، بەڵام شەڕی گران تەواو بووە".
ھەروەھا شەڕڤانێك بەناوی عەبدوڵڵا عوبێد، بە كوردستان24ی راگەیاند: "نێوان ئێمە و چەكدارانی داعش زۆر كەمە، ئەوەی بۆتە ئاستەنگ، تەنھا خەڵكی سڤیلە، بۆیە بە خاوی ھەنگاو دەھاوێژین، بۆ ئەوەی زیان بە خەڵكی سڤیل نەگەیەنین، ئەگەر لەبەر خەڵك نەبوایە، لەمێژ بوو باغۆز بە تەواوی رزگار كرابوو".
ھ.م