داوا ده‌كرێت ئەنجومەنێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دابمه‌زرێندرێت

"سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی ئەنجومەنەکە بكات"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دەستەی دەستپاكیی ھەرێمی كوردستان پێشنیازی دامەزراندنی ئەنجومەنێكی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەكات لە كوردستان، كە راستەوخۆ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەرپەرشتی ئەنجومەنەكە بكات، بۆ ئەوەی بە توندترین شێوە رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە.

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێشنیازەكە بە نووسراو ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین، كە ئەنجومەنێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە پێویست دەزانین".

ئەندامێكی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، پێویستە بەرزترین دەسەڵات لە كوردستان سەرپەرشتی ئەنجومەنەکە بکات، بۆ ئەوەی بە ھێزەوە رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە و دەشڵێت، دەبێت ئەنجومەنەکە ھەموو دەسەڵاتێکی بڕیاردانی لە دەست بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بە كوردستان24ی گوت: "پێویستە سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یان سەرۆكی ھەرێم، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەكە بكەن، بۆ ئەوەی بە تەواوی دەسەڵاتیانەوە ھێز بدەنە ئەنجومەنەكە، دژی گەندەڵكاران، ئەگەر بەھێزترین دەسەڵاتی كوردستان لە پشت ئەو ئەنجومەنە نەبێت، ناتوانرێت رووبەڕووی گەندەڵكاران ببینەوە".

لە پێشنیازەکەی دەستەی دەستپاکیدا ھاتووە، کە جگە لەوەی راستەوخۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سەرپەرشتی ئەنجومەنەکە بکات، ھەروەھا ھەر یەک لە داواکاریی گشتیی و دەستەی دەستپاکیی و دیوانی چاودێریی دارایی و فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون، له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا ئەندام بن و دوای راوێژ لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دیاری بکرێن. 

ھ.م