"بەغدا لە ناردنی 450 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم بەردەوام دەبێت"

"كاتێك رێككەوتنەكە لە پەرلەمان پەسند كرا بەغدا تەواوی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكات"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئاشكرای دەكات، بەپێی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی عێراق، تا پەسند كردنی پڕۆژەیاسای بودجە حكوومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی مانگانە بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان رەوانەی دەكات.

ئه‌حمه‌د سه‌فار، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی لە په‌رله‌مانی عێراق به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند: "رێككه‌وتنی نه‌وتی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ ناردنی ته‌واوی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم، به‌شێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2020".

گوتیشی: "تا په‌سندكردنی پڕۆژه‌ یاساكه ‌و رێككه‌وتنه‌كه‌، عێراق پابه‌ند ده‌بێت به‌ ناردنی بڕی 450 ملیار دیناری مانگانه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان".

جەختیكردەوە: "حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی عێراق لەسەر ئەوە رێككەوتوون رۆژانە ھەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆ بەڕێبكات، لەبەرامبەردا حكوومەتی عێراق تەواوی بودجەی ھەرێمی كوردستان رەوانە بكات، ئەم رێككەوتنە واژۆ كراوە، بەڵام ھێشتا لەناو پەرلەمان پەسند نەكراوە، ھەركاتێك پەسند كرا و بوو بە یاسا پڕۆژەكە دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە".

ھ.م