باشترین 8 فیلمی 2018 بۆ پشووی ئەم هاوینەت
K24 - ههولێر:
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی، 8 باشترین فیلمی ساڵی 2018ـی تاکو ئێستا دیاری کردووە کە رەنگە بۆ بەسەربردنی ئەم پشووی هاوینە لەگەڵ ئەم فیلمانە چێژێکی زیاتر بە کاتەکانت ببەخشێت.
First Reformed
لە دەرهێنانی پاول سکاردەرە، فیلمەکە باس لە ژیانی قەشەیەک دەکات بەهۆی چالاکوانێکی ژینگە و هاوسەرەکەی تەواوی ژیانی دەگۆڕدرێت.
Zama
لە دەرهێنانی لوکرێسیا مارتێلە و لەبارەی رۆمانێکی ئەنتۆنیۆ دی بێنیدێتۆیە کە لە ساڵی 1956 نووسیویەتی. باس لە ژیانی ئەفسەرێکی ئیسپانی دەکات لە سەدەی حەڤدەهەم کاتێک بە ئەرکێک دەگوازرێتەوە شاری بۆینس ئایرسی پایتهختی ئهرژهنتین.
The Guardians
دەرهێنەری فیلمەکە چاڤیەر بێیاوڤویسە و چیرۆکەکەی لە بارەی کچ و دایکێکن( لە راستیشدا کچ و دایکن)، لەسەروبەندی جەنگی جیهانی یەکەم دەیانەوێت پارێزگاری لە کێڵگەکەیان بکەن لە فرەنسا لە کاتێکدا پیاوەکانی گوند بۆ جەنگ وڵاتیان جێهێشتووە.
The Death of Stalin
ئەرماندۆ یانوچی دەرهێنەری ئەو فیلمەیە و چیرۆکی گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن چەند ئەندامێکی پارتی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەتی جاران بە شێوازێکی کۆمیدی دەگێڕێتەوە.
Won’t You Be My Neighbor?
باس لە ژیانی ئەستێرە و پێشکەشکاری بواری منداڵان (فرێد رۆجێرز) دەکات. فیلمەکە لە دەرهێنانی مۆرگان نێڤیلە و لە رێگای گێڕانەوەی ژیانی فرێد، چەندین وانەی گرنگی ژیان دەخاتەڕوو.
Leave No Trace
باس لە ژیانی کچێکی تەمەن 13 ساڵ و باوکی دەکات کە پێکەوە لە پارکێکی شاری پۆرتلاندی ویلایەتی ئۆریگۆن دەژین. هەڵەیەکی بچووکی ئەو دووانە، تەواوی ژیانیان دەگۆڕێت. فیلمەکە لە دەرهێنانی دێبرا گرانیکە و تیایدا ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵی تێکەڵ کردووە.
Let the Sunshine In
کلەیر دێنیس دەرهێنەری فیلمەکەیە و باس لە ژیانی ژنە هونەرمەندێکی پاریس دەکات کە لە هاوسەرەکەی جیابۆتەوە و بە دوای خۆشەویستی راستەقینە و هەمیشەیی دەگەڕێت.
Lean on Pete
چیرۆکی ژیانی هەرزەکارێک دەگێڕێتەوە لەگەڵ راهێنەرێکی ئەسپ. کوڕە بۆ دۆزینەوەی کاری هاوینە دەچێتە لای ئەو راهێنەرە بەڵام دەبنە دوو هاوڕێی نزیکی یەکدی. ئاندر هایگ و ویلی ڤلاوتین کاری دەرهێنانیان بۆ کردووە.