بەشێك لە ھونەرمەندان لە دۆخی ھونەری كوردی ناڕازین

گەزیزە عومەر: نازانین چ میكانیزمێك ھەیە ئیشی پێبكەین
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەشێک لە ھونەرمەندان رەخنە و تێبینیان لە بارودۆخی ھونەری کوردی ھەیە بە سەرجەم بوارەکانیەوە، بە تایبەت شانۆ و موزیک و شێوەکاری، بۆیە بە پێویستی دەزانن حکوومەت و ھونەرمەندان بە جدی کار لەسەر چارەسەری کێشەکان بکەن. ھونەرمەندێک بەستنی کۆنفرانسێکی گەورەی ھونەری بە پێویست دەزانێت.

ھونەری کوردی، خاوەنی مێژویەکی دێرین و چەندین بەرھەمی ناوازەیە کە لە رابردوو ئێستاش توانیوویەتی بەشێک بێت لە خستنەڕووی کێشە و گرفتەکان لەسەرجەم قۆناغەکانی خەباتی گەلی کورد، بەڵام ساڵانێکە بەشێک لە ھونەرمەندان رەخنەی ئەوەیان ھەیە کە ھونەری کوردی پەراوێز خراوە و وەک پێویست کار ناکرێت بۆ پێشخستنی، ھونەرمەندێک دەڵێت سەرەڕای ھەموو رەخنەکان، بەڵام ھەر بەردەوامن بۆیە بە پێویستی دەزانێت سیستمی وەزارەتی رۆشنبیری دابڕژرێتەوە و دەزگا میدیایەکان پشتگیری زیاتری کاری ھونەرمەندانی کورد بکەن.

گەزیزە عومەر، یەكێكە لەو ھونەرمەندانەی ساڵانێكە خزمەت بە ھونەری كوردی دەكات ئەو بە كوردستان24ی گوت: "كاتێك ھونەرمەند بێئومێد دەبێت، دەست بۆ كارێكی دیكە دەبات، ئەمەش بەھۆی نەبوونی سیستمێكی تۆكمەیە، ئێمە نازانین چ میكانیزمێك ھەیە ئیشی پێبكەین، بۆمان دانراوە ساڵانە دراما و شانۆ بكەین؟ پۆلێنكردن لەنێوان كارەكان ھەیە؟، دیاركراوە كە بڕی پارە بۆ كارەكان بە چ جۆرێكە؟، نەبوونی ھەموو ئەمانە وایكردووە ھونەرمەندان ھەمووكات بە گلەیی بن، ئەمانە ھەموومانی تووشی داڕمانێكی روحی كردووە".

بەشێکی رەخنە و گلەیی ھونەرمەندان ئەوەیە کە بەردەوام باس لە کێشەکان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەر بۆکێشەکان دەخەنەڕوو، بەڵام گوێیان لێناگیرێت، بۆیە ھونەرمەندێکی دیکە بەستنی کۆنفرانسێکی ھونەری بە چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی ھونەری کوردی دەزانێت.

ھونەرمەند زانا مەحمود ھەژار، دەڵێ: "بە بۆچوونی من بۆ چارەسەری كێشەكانی ھونەری كۆبوونەوە فراوان لەگەڵ سەرۆكایەتی حكوومەت بكرێت، پرۆژەی زیندو میكانیزمێكی تازە بۆ كاركردن بكەین بە بەرگی كوردستان. بەھۆی ئەو بارودۆخەی لە رابردوودا بەسەر كوردستان ھات، ئێستا ھونەرمەندان ھەر یەك لە سوچێك بە خەمی كارەكانیان دۆشداماون و ئیشی بۆناكرێت".

ھونەرمەندان گەڕانەوە بۆ ھونەری رەسەنی کوردی و لە نێویشیدا بەرز کردنەوەی ھەستی نەتەوایەتی لای تاکی کوردی بە بابەتێکی گرنگ دەزانن کە حکوومەت و وەزارەتی رۆشنبیری کاری جدی بۆ بکات، لەپاڵ بەرز کردنەوەی تەکنیکی سەرجەم بەشەکانی ھونەرو دابین کردنی بودجەی شایستە بۆ کارو چالاکییە ھونەرییەکان.

ھ.م