نوێترین کاریگەری میوزیک لەسەر مرۆڤ ئاشکرا دەکرێت

کاریگەری میوزیک لەسەر ئازار چییە؟

K24 – هه‌ولێر:

لە رابردوودا پزیشکان میوزیکیان وەک چارەسەری پزیشکیی بە چەند شێوازێک بەکارهێناوە.

بۆ نموونە، میوزیک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی نەخۆشی پارکینسۆن (تێکچوونی جوولەی رێکی لەش)، گەشکە و ئازار بەکارهاتووە.

14 توێژینەوەی نوێ لەسەر کاریگەری میوزیک لەسەر ئازار کراوە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە میوزیک ئازاری نەخۆشییە درێژخایەنەکان هێوردەکاتەوە.

زانکۆی یوتا لە شاری ساڵت لەیکی ئەمەریکا لە ژێر رۆشنایی 14 توێژینەوەکە، راپۆرتێکی لە گۆڤاری Frontiers Neurology بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لە پەیوەندی نێوان میوزیک و ئازار دەکات.

توێژەران میوزیکیان لەسەر دوو جۆری ئازار تاقیکردووەتەوە، ئەوانیش ئازاری Carrageenan (بەهۆی هەوکردنەوە دروست دەبن) و ئازاری Planter incision (بەهۆی بڕین و نەشتەرگەرییەوە دروست دەبێت).

سەرەتا زانایان تاقیکردنەوەی لەسەر مشک کردووە، بەوەی دی ئێن ئەی مشک لە مرۆڤ زۆر نزیکە.

مشکەکانیان دابەشکردووە بەسەر دوو کۆمەڵەدا، کۆمەڵەیەکیان بۆ ماوەی سێ کاتژمێر هەر رۆژێک بە درێژای سێ هەفتە، تەنها گوێیان لە دەنگی هەڕەمەکی و کۆمەڵەکەی دیکەیان بۆ هەمان ماوە میوزیکی مۆزارتیان پێشکەشکراوە، هەردوو کۆمەڵەکەش دەرمانی ئازارشکێنی جیاوازیان پێدراوە.

توێژەران میوزیکی هەڕەمەکیان هەڵنەبژاردووە، بەڵکو وەک گرزێگۆرز بولاج، پڕۆفیسۆری پزیشکی کیمیایی دەڵێت: "میوزیک وەک DNA وایە. ئێمە مۆسیقارمان لابوو کە پارچە میوزیکەکانی مۆزارتی بۆ شیدەکردینەوە، بەڵام ئەوەی سەخت بوو ئەوە بوو، ئەو پارچە میوزیکانە بە گوێرەی Neuropharmacology (چۆنیەتی کارکردنی دەرمان لەسەر مێشک) شی بکەینەوە".

لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکە توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە:

ئازاری Carrageenan

مشکێک کە گوێی لە مۆزارت گرتووە و دەرمانی دژە ئازاری ibuprofenی خواردووە، ئازارەکەی بە رێژەی 93% زیاتر لەو مشکانەی کە تەنها دەرمانیان خواردووە کەمبووەتەوە. هەروەها، رێژەی ئاوسان بە 21% کەمبووەتەوە.

هەرچی جۆری دووەمی ئازارە، مۆسیقا کاریگەری لەسەر هەبووە، بەڵام بەوجۆرە بەرچاوەی جۆری یەکەمی ئازار نەبووە، بەمەش زانایان گەیشتنەوە ئەو بڕوایەی، ئەگەر بە دەرمان یان بەبێ دەرمان، گوێ لە میوزیکی گونجاو بگیرێت، ئەوا ئازاری کەسەکە کەمدەبێتەوە و کاریگەری باشی دەبێت، مرۆڤیش کاردانەوەی بۆ میوزیک زیاترە تاکو مشک.

ئەو توێژەرانە ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەن، ئەو میوزیکانەی بە ئازارشکێنی دەزانن، لە رێگای بەرنامەی مۆبایل پێشکەشی هاووڵاتیانی بکەن تاکو لە کاتی ئازار وەکو ئازارشکێن بەکاریبهێنن.

Mozart Requiem

Mozart - Symphony No. 40 in G minor

Medical News Today

H.J