كازم ساهير سرووده‌كه‌ی بۆ مارشی نیشتمانی پێشنیاز ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
كازم ساهير، هونه‌رمه‌ندی دیاری عێراق و عه‌ره‌بی، سروودێكی نوێ به‌ناوی "سلام علیك علی رافدیك" بۆ مارشی نیشتمانی عێراق پێشنیاز ده‌كات.
كازم ساهیر له ئه‌كاونتی فه‌رمی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام پارچه‌یه‌كی سرووده‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵیدا نووسیویه‌تی: "مارشی نیشتمانی پێشنیاز كرا‌و بۆ عێراق له‌لایه‌ن كازم ساهیر؛ سلام علیك".
كازم ساهیر ئه‌و سرووده‌ی خۆی له لوبنان كلیپ كردووه و ده‌رهێنه‌ری دیاری لوبنانی فادی حه‌داد، كاری ده‌رهێنانی بۆ كردووه، به‌ڵام تا ئێستا په‌خش و بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه.
كازم ساهير له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی عێراق، گوتی: "بۆ من شه‌ره‌فه سروودی (سلام علیك) ببێته مارشی نیشتمانی.. ئه‌وه شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه".
پێشتریش له میدیا عێراقییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه، سه‌ره‌تا موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، پێشنیازی كردووه ئه‌و سرووده بكرێته مارشی نیشتمانی عێراقی له شوێنی ئه‌وه‌ی پێشوو، كه "موطنی" بوو، كه له بنه‌ڕه‌تدا شاعیره‌كه‌ی تونسی بوو و ئاوازه‌كه‌شی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندێكی فه‌له‌ستینییه‌وه دانرابوو.
سرووده‌كه "سلام علیك" له ساڵی 2008 بۆ یه‌كه‌مجار تۆماركراوه، هۆنراوه‌كه‌ی هی ئه‌سعه‌د غوره‌یرییه و ئاوازه‌كه‌شی هی كازم ساهیر خۆیه‌تی، به‌ڵام ئێستا ئه‌و ئه‌ستێره‌یه سه‌ر له‌نوێ له وڵاتانی ئۆكرانیا، تۆماریكردووه‌ته‌وه، دابه‌شكردنی نوێی میوزیكی بۆ كردووه و ئامێره‌كانیشی رۆژهه‌ڵاتییه، كۆراله‌كه‌ش له عێراقی و میسری پێكهاتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا به فه‌رمی سرووده‌كه نه‌بووه‌ته مارش و ته‌نها له چوارچێوه‌ی پێشنیاز ماوه‌ته‌وه.
پارچه‌یه‌ك له سرووده‌كه كه سه‌رله‌نوێ تۆماركراوه‌ته‌وه و له ئه‌كاونتی فه‌رمی كازم ساهیر له ئیسنتاگرام بڵاوكراوه‌ته‌وه
ته‌واوی سرووده‌كه پێشتر به‌م شێوه‌یه گوتراوه
ئ. م