سینەماکارانی جیهان خاڵە لاوازەکانی سینەمای کوردی دەخەنەڕوو

بە هاوبەشی میدیایی کوردستان24 حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم بەڕێوەدەچێت

K24- دهۆك:

لە سێیەم رۆژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆک، پانێڵێک لەبارەی "رەخنە لە سینەمای کوردی" بەڕێوەچوو و تیایدا باس لە خاڵە لاوازەکانی سینەمای کوردی و نەبوونی بینەری پێویست بۆ فیلمی کوردی کرا.

قسەکەرانی پانێڵەکە لە فیلمسازانی بیانی و خۆماڵی پێکهاتبوون و بە گرنگییەوە باسیان لە رۆڵی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆک کرد.

لەبارەی گرنگی سینەما و هونەر لە مێژووی کوردستاندا، ئیبراهیم حاجی عەبدی رایگەیاند، کاتێک قازی محەمەد لە سێدارە درا، گووتی دەمەوێت پەتی سێدارەکەم رەنگاورەنگ بێت، بەمەش بەشێکی مەبەستەکەی ئەوەبوو، کە دەبێت ئێمە ژیان رەنگاوڕەنگ ببینن و هونەر و سینەمامان رەنگاووڕەنگ بکەین.

لای خۆیەوە فرێدی ئۆسی، دادوەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سووید لەبارەی سینەمای کوردی رایگەیاند، دەبێت سەرەتا سینەمان بکرێتە کلتوور لێرە و گرنگی زیاتری پێ بدرێت، تاوەکو پەیامی کورد بداتە جیهان.

ئەمیر غوڵامی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، تاکو ئێستا خەڵکی کورد لە چوارپارچەی کوردستان بە گرنگییەوە باس لە سینەما و رەخنەی سینەمایی ناکەن، ئەمەش وایکردووە رەخنەگرەکانمان بە زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی بنووسن، چونکە هەست دەکەن لەوێ زیاتر بەها بۆ نووسینە سینەماییەکانیان دادەنرێت.

سبەی پێنجشەممە، پانێڵێکی دیکە لەسەر سینەمای کوردی بە ئەمادەبوونی چەند سینەماکارێکی جیهانی دەکرێت و فێستیڤاڵەکە بە هاوبەشی میدیایی کوردستان24 بەردەوامە.

H.J