شێوەکارێک چیرۆکی کچانی ئێزدی بە جیهان دەگەیەنێت

دەیەوێت مۆزەخانەیەك بە ماسك دروست بكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

شێوەكارێكی كورد بە بیرۆكەیەكی جیاواز و بە دروستكردنی 25 ماسك بۆ كچانی ئێزدی چیرۆكی پڕ تراژیدیای ئەو كچانە دەباتە پێشانگایەكی تایبەت بە جینۆساید كە بڕیارە 9ی ئەم مانگە لە ئیتالیا بەرێوەبچێت. ئەو باسی پڕۆژەكەی دەكات و لەو باوەڕەدایە بەو كارەی دەتوانێ دەنگی ئەم كچانە جارێكی دیكە و بە جۆرێكی تر بگەیەنێتە گوێی جیھانیان، خەونیشی ئەوەیە پرۆژەكەی تەنیا بۆ ئەو كچانە نەبێت و بە دروستكردنی ماسك بۆ كەسانی گەورەی سیاسی و ھونەری و دیاری كورد موزەخانەیەكی نیشتمانی بە ماسك ئەوان دروست بكات.

كەرەستەكەی دەستی گەچی تایبەت بە دەست شكانە، ئەگەرچی  سادە و ساكارە، بەڵام بیرۆكەی گەورە لە پشت ئەم كەرەستە  ھەیە. رێبین چالاك شێوەكارێكی كوردە و ئەمجارە بە پڕۆژەیەكی نوێ و بە دروستكردنی ماسك بەشداری لە گەورەترین پێشانگای جیھانی بۆ جینۆساید دەكات. رێبین بە دروستكردنی ئەو جۆرە ماسكە بۆ كچانی ئێزدی ئازارەكانیان بۆ جیھان دەگوازێتەوە.

رێبین، بە دروستكردنی 25 ماسك لەسەر رووخساری كچان لە ناو كەمپەكان راستەوخۆ چیرۆكی خاوەن ماسكەكان لەو پێشانگایە دەگێرێتەوە كە شاری ونیزی ئیتالیا بەرێوەدەچێت و خەونی ئەوەیە ئەو ماسكە بۆ كەسانی ناوداری سیاسی، ئەدەبی، ھونەریی كورد دروست بكات.

ھ.م