شێوه‌كارى كورد حه‌مه‌ هاشم له‌ پاريس خه‌ڵاتكرا

حه‌مه‌ هاشم له‌ سيمپۆزيۆمى ئه‌مساڵى پاريس به‌ چه‌ند به‌رهه‌مێك به‌شدارى كرد

K24 – پاريس:

هونه‌رمه‌ندى شێوه‌كارى كورد، حه‌مه‌ هاشم له‌ سيمپۆزيۆمى ئه‌مساڵى پاريس به‌ چه‌ند به‌رهه‌مێك به‌شدارى كرد و توانى وێڕاى خه‌ڵاتى به‌شداريكردن، بڕوانامه‌ى ديپلۆمى پێبه‌خشرا.

لە میانی چالاکیيە ھونەری و کولتورییەکانی فیدراسیۆنی کولتوریی رێکخراوی یونسکۆ، ھونەرمەندی شێوەکاری کورد حەمە ھاشم بانگھێشتکرا بۆ بەشداربوون لە سیمپۆزیۆمی پاریس 2018 و بەشداریکردنی لە پیشانگای ھاوبەشی شێوەکاری کە لە ماوەی 12-17 ی ئۆکتۆبەر بەردەوام بوو، لە پێشانگاکەدا نزیکەی 40 ھونەرمەندی شێوەکار بەشداربوون کە لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ھۆڵەندا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئێران، ئەفغانستان، تورکیا، یۆنان، ھیندستان، ئەمریکا، بەنگلادیش، رووسیا، سوریا، لوبنان، ميسر و هه‌رێمى كوردستان ھاتبوون.

پێشانگاکە لە ھۆڵی ( (Espace Culturails Art gallery نمایشکرا، ئەمە جگە لەوەی ھونەرمەندان لە کۆڕبەندێکی ھاوبەشدا باسی ئەزموونی ھونەری خۆیانکرد و فیلمێکی دیکیۆمێنتاری لەسەرکار و ژیانی حەمە ھاشم نمایشکرا و بڕوانامەی دیپلۆم و کارامەیی و بەشداریکردنی پێبەخشرا لەلایەن (ئاردیۆما سیریما) سەرۆکی رێکخراوی یونسکۆ لە فەرەنسا، ھەروەھا (یۆنێس مارۆنیس) سەرۆکی فیدراسیۆنی کولتوریی یونسکۆ لە بنکەی سەرەکی لە یۆنان.

ھونەرمەند حەمە ھاشم تاکوو ئێستا خاوەنی چەندین خەڵاتی جیھانیە و بەشداری زۆرێک لە پیشانگای شێوەکاری کردووە لە دەرەوەی کوردستان و دوا پیشانگای تایبەتیشی ئەمساڵ لە وڵاتی ئەڵمانیا لە مانگی نیسانی رابردوو بوو لە شاری بێلیفێڵد.