كوردستان24 زانیاری نوێ له‌باره‌ی خۆكوشتنی براوه‌ی یه‌كه‌می خه‌ڵاتی روانگه‌ ئاشكرا ده‌كات

نامەیەکی دوور و درێژی جێھشتووە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

گەنجێکی دانیشتووی شاری سلێمانی دوای ئەوەی خەڵاتی باشترین تاکژەنی ميوزيكی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان لەلایەن ده‌زگای ڕوانگەوە پێدرا، دوای سێ ڕۆژ لە ناو ماڵەکەی خۆیان، بەھۆکارێکی نادیار، خۆی ھەڵواسی و كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێنا، پۆلیسیش پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوه‌كه‌ کردووەتەوە.

کەمتر لە 72 کاتژمێر بەسەر وەرگرتنی خەڵاتی باشترین تاکژەنی ئامێری کلارنێت کە ده‌زگای روانگە پێی بەخشی تێنەپەڕی، ڕێھات  لەناو ماڵەکەی خۆیان خۆی ھەڵ ئەواسێ و ماڵئاوای لە ژیان کرد.

چیرۆکەکەش بەشێوازێکە ھەمووانی تووشی شۆککرد، رێھات ھەر رۆژێک دوای وەرگرتنی خەڵاتەکەی، په‌تێك بۆ خۆ ھەڵواسین ئەکڕێت، باوکی پێی دەزانێت و پۆلیس ئاگادار دەکاتەوە، پاش گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵی پاشگەزى دەکەنەوە.

کەچی بۆ رۆژی دواتر دوای چوونی بۆ پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی، سەر لە نوێ په‌ت دەکڕێتەوە و ئامێرەکانی کۆدەکاتەوە و خۆی ھەڵدەواسێ، بەڵام نامەیەکی دوور و درێژی جێھشتووە و لەبەشێکی باس لەوە ئەکات کە خەڵك لێی تێناگەن.

پۆلیس دەستی بە لێکۆڵێنەوە لە ھۆکاری رووداوه‌كه‌ کردووە، کەسوکارەکەشی بەدوای پرسیارێکەوەن کە دەستیان ناکەوێت، ئاخۆ بۆچی کوڕەکەیان خۆی كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێنا، ھاوڕێ و مامۆستاکانیشی چاوەڕوانی ئەوەبوون کە بەکارنامەی دەرچوونەکەی تووشی شۆك بن، نەک ماڵئاوایی کردن لێیان، ھەربۆیە بەشی ميوزیکی پەیمانگا بڕیاریدا کە ئەو کورسیە بە چۆڵی بھێڵنەوە و کەس لەسەری دانەنیشێت.

رێھات حەمە عەزیز تەمەن 18 ساڵ، ژەنیاری ئامێری کلارنێت، بەوتەی کەسوکار و ھونەرمەندان و مامۆستایانی، ھەمیشە ویستوویەکی کاری جیاواز بە ئامێرەکەی پێشکەش بکات، زۆرجاریش وتوویەتی کە خەونی گەورەم ھەیە و ئەمەوێت پێیان بگەم، بەڵام کەس لێی تێناگەن.

ئ. م