چی روودەدات ئەگەر بۆ ماوەیەک شەکر نەخۆین؟

لە ماوەی سێ بۆ پێنج رۆژ چەند گۆڕانکارییەکی گرنگ روودەدەن

K24 – هه‌ولێر:

شەکر یەکێکە لەو خواردنانەی دوورکەوتنەوە لێی سەخترە بە بەروارد بە خواردنە ناتەندروستەکانی دیکە چونکە هەندێک جار هەست بە بوونی ناکرێت لە خواردنەکاندا.

ئیریک فام، پزیشک لە نەخۆشخانەی سەینت جۆزێف لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمەریکا دەڵێت، کەمکردنەوەی شەکر یان دوورکەوتنەوە لێی، راستەوخۆ کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ دەردەکەوێت.

لە ماوەی یەک هەفتە، پەستانی خوێن کەم دەکات و رێژەی تەندروستی چەوری خوێن و ئەنسۆلین لە لەشدا دەپارێزێت. هەروەها، گۆڕینی کاربۆهایدرەیت بۆ وزە، زیاتر دەکات.

چی روودەدات ئەگەر بە یەکجاری واز لە خواردنی شەکر بهێنین؟

بریان کوێبێمان، پزیشکێکی دیکە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، لەبارەی دوورکەوتنەوەی یەکجاری لە شەکر دەڵێت: "سێ رۆژی یەکەم سەخت دەبێت، تەنانەت رەنگە خەو بە خواردنی شیرینییەوە ببینی".

دەشڵێت: "سەرەتا هەست بە ماندوو بوون دەکەین، بەڵام تەنها چەند رۆژێک ئەمە روودەدات. دواتر، شەکرە کۆکراو و پارێزراوەکەی لەش دەشکێندرێت و بەشێوەیەکی خێرا بە سووری خوێندا بڵاودەبێەوە".

لەماوەی سێ بۆ پێنج رۆژ، جگەر ماددەی کێتۆن لە چەورییەکان دەردەکات چونکە چیدیکە گلوکوز نامێنێت، بەمەش لەش دەچێت دۆخی سووتانی چەورییەوە.

لە ئەنجامدا، هەست بە بێهێزیی ماسوولکەکان دەکەیت چونکە لەش بەهۆی پرۆسەی توانەوەی چەوری، بڕێکی زۆر ئاو لەدەست دەدات، تاکو ئێستاش پزیشکان دڵنیانین ئەگەر ئەم پرۆسەیە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت، زیانی تەندروستی دەبێت یان نا، بەڵام هەر ئەو دۆخە تێپەڕێنرا، هەست بە وزە و ئارامی زیاتر دەکەیت.

پزیشکان رێنماییمان دەکەن، کەمکردنەوەی خواردنی شەکر و دوور کەوتنەوەی لێی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، سوودی زۆری بۆ سووری خوێن و دابەزاندنی لەش دەبێت، تەنانەت بەرگری لەشیش بەهێز دەکات.

Men'sHealth

H.J