له‌ چيچان مه‌راسيمى ئاهه‌نگى بووك گواستنه‌وه‌ تايبه‌ته‌

Kurd24

K24- ژوورى هه‌واڵ

لە وڵاتی چیچان، ئیتر بووك بۆی نییە لە ئاھەنگی گواستنەوەی خۆیدا كێكەكە ببڕێت، دەسەڵاتداران دەڵێن مەبەست لەم رێنوێنییە پاراستنی دابونەریتی ئیسلامیی دانیشتوان و پاراستنی گەنجانە لەدژی كاریگەرییەكانی كه‌لتوورى رۆژئاوایی.

بۆ دەسەڵاتدارانی چیچان گرینگە لە ئاھەنگەكانی بووك گواستنەوەدا تەققە نەكرێت، بووك كێكەكە نەبڕێت و ژن و پیاو تا بكرێت لەسەر سەككۆی سەما لە یەكتر دوور بن.

مەدینە شاگیدایێڤا، ئەندامی بەشی كه‌لتوورى لە گرۆزنی پایتەختی چیچان، ده‌ڵێت: "ئەوانەی ئاھەنگ دەگێڕن پێویستە رەچاوی رێنوێنییەكان بكەن، ئێمە خۆمان لە ژیانی تایبەتی ئەوان ھەڵناقورتێنین، ئێمە ھەستمان بەوە كردووە كە ژمارەیەكی زۆر ژن قژیان داناپۆشن و ئەمەش لەگەڵ دابونەریتمان ناگونجێت، ھەروەھا تێبینیمان كردووە، خەڵكەكە ھەندێك دابونەریتی ئەوروپی وەك ھاوێشتنی دەستە گوڵیان ھەڵگرتووە".

ھەرچەندە رێنماییە نوێیەكان وەك یاسا تەماشا ناكرێن، بەڵام جەماوەری پارێزگار و مسوڵمانى چیچان رەچاویان دەكەن.

بەڵام لە سەردەمی جیھانگەرایی رەنگە ھەوڵدان بۆ پاراستنی كه‌لتوورێك بە رەسەنی ئەستەم بێت، كه‌لتوورى ئەوروپی خۆی لە جلوبەرگی بووكدا بەرجەستە دەكات.

روكیاد ئەبدولكەریمۆڤا، خاوەنی فرۆشگای جلۆبەرگی بووك ده‌ڵيت: " بە بەراورد لەگەڵ رابردوو، ئێستا بووكەكان جلوبەرگی كراوە ناپۆشن، ئێستا خواست لەسەر جل بە تەواوەتی داپۆشراوە، كە لەسەر شێوازی ئەوروپین، بەڵام ھەڵبەت بووكی وامان ھەیە، جلوبەرگی نەتەوەیی خۆمانی پێ باشترە".

لە ئاھەنگەكانی بووك گواستنەوەی چیچان، تەنیا خزم و ھاورێكانی زاوا بەشدارن، بووكیش مافی بەشداری لە ھەڵپەركێ یان سەمای نییە.