لە سنە تاكه‌ سینه‌مای ئه‌هلی داخرا

سنه‌ به‌ ناوه‌ندێكی گرنگی به‌رهه‌مهێنانی فیلم هه‌ژمار ده‌كرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

تاکە سینەمای ئەهلی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە پاش 29 ساڵ چالاکی داخرا. سینەما حکوومییەکانیش ئەو فیلمانەی لە لایەن دەزگا حکوومییەکانەوە تێبینییان لەسەر بێ نمایش ناکەن و ئەمەش ناڕەزایی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

سینەما شەیدا، تاکە سینەمای ئەهلی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بەرلەوەی دابخرێ 29 ساڵی بەردەوام سەدان فیلمی تێدا نمایش کراوە. سەردەمانێک و تا بەر لەوەی هۆڵی سینەمای حکوومی لەم شارە بکرێتەوە، سینەما شەیدا تاکە سینەمایەک بوو کە خەڵک بۆ بینینی فیلم روویان تێدەکرد.

ئەو سینەمایە لە ساڵانی رابردوودا بە هۆی کۆن بوونی سیستمی پەخش و کورسی و بینا و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی نەیدەتوانی وەک پێشوو خەڵک رازی بکات و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەبوو، بەڵام بەرپرسانی حکوومی هیچ هاوکارییەکانیان لەم بوارەدا نەکرد.

بە داخرانی سینەما شەیدا وەک تاکە سینەمای ئەهلی، سینەما حکوومییەکان بەشێکی زۆر لەو فیلمانەی دڵخوازی خەڵکن، بەڵام لە لایەن دەزگا رۆشنبیری و ئایینییەکانی سەر بە حکوومەتەوە تێبینییان لەسەرە، نمایش ناکەن. بەمشیوەیەش خەڵکی سنە لە دیتنی بەشێکی زۆر لە فیلمەکانی بەرهەمهاتوو لە ناوخۆی ئێرانیش بێبەش دەکرێن.

پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوای تارانی پایتەخت، سەرەکیترین ناوەندی بەرهەمهێنانی فیلم و کورتە فیلم لە ئاستی ئێراندایە و دەرهێنەرانی ئەم پارێزگایە ساڵانە چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەدەست دێنن. هەر بۆیە داخرانی تاکە سینەمای ئەهلی لە شاری سنە، بۆ خەڵکی ئەم شارە و بە تایبەت کۆمەڵگەی هونەریی ئەم پارێزگایە هەواڵێکی چاوەڕان نەکراو بوو.

ھ.م