شێرزاد حەسەن: ئێمە لە دوای زانکۆ کتێب تەڵاق دەدەین

پانێڵێک بۆ زیادکردنی رۆڵی ژنان لە سینەما بەڕێوەچوو

K24 – هه‌ولێر:

"دەسەڵاتدان بە ژن لە روانگەی سینەماوە" پانێڵێکی شێرزاد حەسەنی نووسەر و سینەماکار باڤی یاسین بوو کە تیایدا باسیان لە لاوازی رۆلی ژن لە سینەمادا و کاریگەری لەسەر بەرجەستەکردنی کێشەکانی ژنان کرد.

لە روانگەی رۆشنبیران  و ئەدیبان، ئەدەب و سینەما ئەو دوو ئامرازەن کە دەتوانن وێنا سەپێنراوەکانی سەر ژنان بگۆڕن، بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ژنان دوور لەم ئامرازانەن و پیاوان لە بری ئەوان بەکاریان دەهێنن.

شێرزاد حەسەن پێی وایە جیا لە کاراکردنی رۆڵی ژن لە بواری سینەمادا، پێویستە گرنگی بە لایەنی رۆشنبیری تاکی  کورد بدرێت و دەڵێت: "ئەدەب بە هەموو ژانرا و جۆرەکانی، ئەو کات بایەخی دەبێت کە خەڵک خوێندەوار بێت، کە خەڵک ئاشقی هونەر بێت".

دەشڵێت: "ئێمە کە زانکۆ تەواو دەکەین، کتێب تەڵاق دەدەین، تۆ چۆن دەتوانی بەبێ بیر و رەخنەی نوێ گۆڕانکاری بکەیت".

باڤی یاسین ئێستا بەو کاتە دەزانێت کە دەبێت ژنان بوونیان لە هونەر و سینەمادا زیاتر بکەن، رەتیشدەکاتەوە، ژنان لەسەر حساب و رۆڵی پیاوان کارەکانیان بکەن، بەڵکو داوای هەلێکی هاوسەنگ بۆ هەردوولا دەکات.

H.J