لە بەغدا ده‌رهێنه‌ری كورد سەهیم عومەر خەلیفە خەڵات کرا

براوه‌ی زیاتر لە سەد خەڵاتی سینەماییه‌

K24 – هه‌ولێر:

سەهیم عومەر خەلیفە، سینەماکاری کورد و براوه‌ی زیاتر لە سەد خەڵاتی سینەمایی، لە رێورەسمێکدا لە لایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی سینەما و شانۆی عێراق لە بەغدا رێزی لێنرا و خەڵات کرا.

رێورەسمی رێزلێنانەکە بە چاودێری وەزیری رۆشنبیری و شوێنەواری عێراق و لە ژێرناوی "شەوانی سینەمایی"، ئێوارەی رۆژی شەممە 17 ئابی 2019 لە شانۆی نیشتمانی لە بەغدا بەڕێوەچوو و ژمارەیەک کەسایەتی هونەری و رۆشنبیریی عێراقی ئامادەی بوون.

بەر لە رێورەسمی خەڵات کردنەکە، دوایین فیلمی ئەو دەرهێنەرە کوردە بەناوی (زاگرۆس) نمایشکرا و دواتر لەلایەن د. ئەحمەد موسا، بەڕێوبەری سینەما و شانۆ رێزی لێنرا.

فیلمی درێژی سینەمایی (زاگرۆس) 9 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا.

سەهیم عومەر خەلیفە خەڵکی زاخۆیە و لە بەلجیکا دەژی و ماستەری لە سینەما لەو وڵاتە بەدەستهێناوە، ئێستا ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئۆسکار.

ئەو سینەماکارە دوو فیلمی گەیشتوونەتە قۆناغی پێش کۆتایی خەڵاتەکانی ئۆسکار وەک باشترین کورتە فیلم، کە لە کورتە لیستی 15 و 10 کورتە فیلمە کاندیدکراوەکاندا بوونە بۆ خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی ئۆسکار.

ئەو دەرهێنەرە کوردە پێشتر لەرێگەی کورتە فیلمی (میسی بەغداد)، (وڵاتی پاڵەوانان) و (نێچیرڤانی خراپ)، زیاتر لە سەد خەڵاتی وەرگرتوونە.

بەهۆی وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵات، ئەو دەرهێنەرە توانی ریکۆردی وەرگرتنی زۆرترین خەڵات وەک سینەماکارێک لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و بەلجیکا تۆماربکات.

(میسیی بەغدا) باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییە.

سەهیم عومەر سەرقاڵی ئەوەیە کورتە فیلمی (میسی بەغدا) وەک فیلمێکی سینەمایی بەرهەمبێنێت و لە شوباتی 2020 کاری وێنەگرتنی دەستپێدەکات.