دوو مێژوو نووسی كورد كۆچی دواییان كرد

K24 - ھەولێر

دوو مێژوو نووسی كورد كە چەندین ساڵە خزمەت بە ئەدەب و زمانەوانی دەكەن لە باشووری كوردستان كۆچی دواییان كرد.

دوێنێ 18 كانوونی یەكەمی 2016، ھەر یەك لە دكتۆر جەمال رەشید لە ھەولێر و دکتۆر کوردۆ عەلی لە سلێمانی كۆچی دواییان كرد، ھەردوو ئەکادیمیست و مێژوونوسی کورد رۆڵی كارایان ھەبوو لە بواری زانستی و پەروەردەكردنی كاریگەری زۆریان ھەبوو لەسەر كتێبخانەی كوردی، خاوەنی چەندین بەرھەمی مێژووی و ئەدەبی و زمانەوانی و وەرگێڕان بوون.

 لە پەیامێكدا بە بۆنەی كۆچی دوایی پرۆفیسۆر جەمال رەشید كە لە تەمەنی 75 ساڵ كۆچی دواییكرد، يوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، گوتى:"د. جەمال ئەحمەد رەشید یەکێک بوو لە زانا گەورەکانی گەلەکەمان کە ژیانی خۆی بۆ ساخکردنەوەو سەرلەنوێ نوسینەوەی مێژوی گەلەکەمان تەرخان کرد، لە ژیانی ئەکادیمیشدا خاوەنی چەندین پەرتوکی دانسقەیەو ئەمڕۆ لە کتێبخانەکانی کوردستان و ئێراق و ناوچەکە خزمەت بەخوێنەران دەکات، لەھەمان کاتدا لە زانکۆکانی کوردستانیش لەسەر دەستی  (د. جەمال ئەحمەد رەشید) چەندین نەوە پەروەردەو دروست بون، ئەمڕۆ درێژە بەکاروانی زانستی و ئەکادیمی دەدەن".

دكتۆر جەمال ھاوسەری دكتۆر كوردستان موكریانی سكرتێری پێشووترى یەكێتی ئافرەتانى كوردستان و نووسەری دیاری كورد بوو.

دكتۆر جەمال رەشید

كۆچی دوایی دکتۆر سەروەت محمەمەد ئەمین ناسراو بە كوردۆعەلی كە ھاوكات بوو لەگەڵ كۆچی دوایی دكتۆر جەمال، دكتۆر كودۆ جگە لە خەباتی زانست و ئەدەب لە ساڵی 1974 وەك پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بەشداری لە خەباتی سیاسی و سەربازی گەلی كورد كردووە، ھەروەھا  لە رێکخراوەکانی کاژیک و پاسۆکدا کاری كردووە، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپا (سۆکسە)، سکرتێری ئەو رێکخراوەش بوو لە دروستبونیەوە تا ساڵی 1985، دكتۆر كوردۆ لە تەمەنی خەباتی زانست و نووسیندا چەندین كتێبی بە چاپ گەیاندووە.

دكتۆر كوردۆ عەلی