کەشتییەکی ئەڵمانی ناوی بۆ ئالان کوردی گۆڕی

لەمەودا ئالان کوردی پەنابەران رزگار دەکات

کەشتییەکی رزگارکردنی پەنابەران لە وڵاتی ئەڵمانیا کە لە دەریای ناوەڕاست کار دەکات ناوەکەی بۆ ئالان کوردی گۆڕدرا.

ئالان، کوردێکی رۆژئاوای کوردستان تەمەن سێ ساڵ بوو، لە 2ی ئەیلوولی ساڵی 2015 لە دەریای ناوەڕاست کاتێک دەیانویست بە قاچاخ بچنە ئەوروپا، بەلەمەکەیان نقووم بوو بەهۆیەوە خۆی و چەند ئەندامێکی خێزانەکەی گیانیان لەدەستدا، تەرمەکەشی شەپۆلی دەریا راپێچی کەنارەکانی وڵاتی تورکیای کردبوو.

لە مەراسیمێکدا کە تیایدا عەبدوڵا کوردی، باوکی ئالان و تیما کوردی، پوری ئالان بەشداربوون، ناساندنی کەشتییەکە لە دوورگەی مایۆرکای ئیسپانیا بەڕێوەچوو.

عەبدوڵا کە دوو کوڕ و هاوسەرەکەی بە دەریا و خەونی گەیشتن بە ئەوروپا دۆڕاند بە فرانس پرێسی گوتووە: "دڵخۆشم کەشتییەکی رزگارکەر ناوی کوڕەکەی منی هەڵگرتووە. کوڕەکەم لەسەر کەنارەکە نابێت هەرگیز لە یاد بکرێت".

عەبدوڵا لەو رووداوەکە، رێحانەی هاوسەری و ئالان و غالبی کوڕی لە دەستدا، ئەمەش بەهۆی درۆ و فێڵی قاچاخچییەکە بوو لەگەڵی، بەڵام رووداوەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و مردنی ئایلان بووە هێمای نیشاندانی دژواریی ژیانی خەڵکی سووریا و ئەوانەی لە جەنگ هەڵدێن.

AFP

H.J