موتلو كایە: دەست بە گۆرانی گوتن دەكەمەوە
K24 - ئامەد
موتلو كایە، سێ ساڵ لەمەوبەر بەشداری لە پرۆگرامێكی كەناڵی فۆكسی توركی دا كرد و بە دەنگە خۆشەكەی توانی سەرنجی زۆر لە بینەرانی بەرنامەكە بۆخۆی رابكێشێ، بەڵام ئەمساڵ ھێرشكرایە سەر ماڵەكەیان و برینداركرا موتلو كایە، لەسەرەتایی رووداوەكە نەیدەتوانی قسە بكات، بەڵام ئێستا دەڵێت "بەردەوام دەبم لە تێكۆشان و رۆژێك دێت دەست بە گۆرانی گوتن دەكەمەوە".
موتلو كایە، بە كوردستان24 گوت: "كاتێك برینداربووم چاوم كردەوە لە نەخۆشخانەم، نەمدەتوانی قسە بكەم و بڕۆم، بەڵام نەگریام گوتم نابێ دوژمنەكانم دڵخۆش بكەم، ئومێدم ھەیە ئەو رەوشە تێدەپەڕێت و دەست بە گۆرانی گوتن دەكەمەوە".
ئێستا چارەسەری سرووشتی بۆ موتلو كایە، دەكرێت و پزیشكەكەی دەڵێت: "رۆژی یەكەم كە ھاتە لامان نەیدەتوانی قسە بكات و بە پێ بڕوات، بەڵام ئێستا تەندروستی بەرەوباشی رۆیشتووە".
موتلو كایەی 19 ساڵ كچە بەهرەمەندێكی باكووری كوردستانە و دوای بەشداریكردنی لە پرۆگرامێكی كەناڵی فۆكسی توركی بەهۆی دەنگە خۆشەكەیەوە بووە خاوەنی ناوبانگێكی زۆر. لەكاتی برینداربوونی زۆر ھونەرمەند و كەسیایەتیەكانی باكووری كوردستان سەردانی موتلو كایەیان كرد لەناویاندا ئەستێرەی بەناوبانگی توركی سپیل جان سەردانی موتلو كایە كرد و دڵتەنگی خۆی بەو رووداوە دەردەبڕی.
ھ.م