شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆ لە ھەولێر دەستیپێكرد

فێستیڤاڵەكە بە سپۆنسەری كوردستان24 بەڕێوەدەچێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆ لە ھەولێر دەستیپێكرد و لە ماوه‌ی  شه‌ش رۆژدا 12 كاری شانۆیی كورستان و چەندین وڵاتی بیانیش تیایدا نمایش دەكرێ.

لە  دەسپێكی فێستیڤاڵه‌كه‌ سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵ و سەندیكای ھونەرمەندان و وەزارەتی رۆشنبیری ئەو فێستیڤاڵەیان بە دەرفەتێك زانیوە بۆ زیاتر نزیكبوونەوەی شانۆكاران. بەشێك لە دەرھێنەر و شانۆكارانی بەشدار بووی فێستیڤاڵیش ھیواخوازن ئەم فێستیڤاڵە دەرگایەك بكاتەوە بۆ ناساندن و بەرەوپێشبردنی كاری شانۆیی لە كوردستان.

ھیوا سوعاد، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە بە كوردستان24ی راگەیاند: "بۆ فێستیڤاڵی ئەمساڵ بە سیمینار و كۆڕی رەخنەیی توانیومانە زیاتر خۆمان ئامادە بكەین، ھاوكات رۆژنامەیەك دەردەچێت و چالاكییەكانی رۆژانەی فێستیڤاڵی تێدا بڵاودەبێتەوە".

لە فێستیڤاڵی ئەمساڵ خەڵاتی رێزلێنان بە دوو ھونەمەرندی كۆچكردووی بواری شانۆ ئەنوەر شێخانی و تەڵعەت سامان  پێشكەشكرا.

جیا لە پارێزگاكانی كوردستان چەندین وڵاتی بیانی وەك ئەڵمانیا، ژاپۆن، دانیمارك، پۆڵەندا، میسر، ئوردن، عێراق و مەغریب تیایدا بەشدارن و شانۆكانی خۆیان نمایش دەكەن. ئەكتەرانی كورد دڵخۆشن بەم فێستیڤاڵە و لەو بڕاویەدان ئەم فێستیڤاڵانە كە چەند ساڵێكە لە ھەولێر دەكرێ كاریگەری راستەوخۆی لە سەر ئەكتەرانیش ھەبووە و بە سەركەوتوو دەزانن.

یاسین بەرزنجی، ئەكتەر دەڵێ: "ھەولێر بەم جۆرە فێستیڤاڵانە زیاتر دەگەشێتەوە و دەتوانرێت زیاتر ھاوكاری ھونەرمەندان بكرێت، ھیوادارم ئەم چالاكیانە ببێتە ھۆكارێك بۆ دروستكردنی تەلاری شانۆیی، كە ئێمە لەو بوارەدا زۆر ھەژارین".

ھەروەھا دڵسۆز ماوەتی، ئەكتەر بە كوردستان24ی گوت: "فێستیڤاڵ دەرفەتێكە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەكتەرانی دیكەی دەرەوەی وڵات و شارەكانمان ببینین، ئەوانیش لە ئەزموون و كاری ئێمە تێبگەن كە لە چ ئاستێكداین".