نۆیه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی به‌رلین به‌ڕێوه‌ده‌چێت
K24 – به‌رلین:
بڕیاره له 1 تا 7ی مانگی ئاب/ ئۆگستی داهاتوو، نۆیه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی به‌رلین به به‌شداری 30 فیلمی سینه‌مایی كوردیی به‌ڕێوه‌بچێت.
حسام یوسفی، یه‌كێك له رێكخه‌رانی فێستیڤاڵه‌كه تایبه‌ت بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌و فێستیڤاڵه له 2003ه‌وه له لایه‌ن كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی فیلمی میتۆس فیلم و به هاوكاری رێكخراوه سه‌ربه‌خۆكان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و یه‌كێكه له لە گەورەترین فێستیڤاڵه‌كانی بواری سینه‌مای كوردی.
گوتیشی: له فێستیڤاڵه‌كه‌دا 30 فیلمی سینه‌مایی و ژماره‌یه‌ك فیلمی دۆكیۆمێنتاری و كورته فیلم له كار و به‌رهه‌می ده‌رهێنه‌رانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان نمایش ده‌كرێن. هەروەها بەرهەمی ژماره‌یه‌ك له دەرهێنەرانی ئەوروپاش پیشان ده‌درێن.
هه‌روه‌ها گوتی: له فێستیڤاڵی ئه‌مساڵدا بایەخێکی تایبەت بە بەشداری ژنانی کورد لە سینەمای کوردی و بارودۆخی ژنان لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕست دەدرێت. فیلمی "کچانی خۆرەتاو"، فیلمێکی جەنگییە کە ژنان رۆڵی تایبەتی تێدا دەگێڕن و تەنیا بەشێکی بچووک لە قارەمانێتی و خەباتی ژنان لە شەڕی دژی داعش پێشان دەدات. گوڵشیفتە فراهانی ئەکتەری بە ناوبانگی ئێرانی رۆڵی فەرماندەیەکی پێشمەرگە لەم فیلمەدا دەگێڕێت.
له باره‌ی فیلمه‌كانی دیكه‌شه‌وه گوتی: هه‌ریه‌ك له فیلمی دۆکیۆمێنتاری "فەرماندە ئاریان" لە دەرهێنانی ئالبا سۆتۆرا، فیلمی دۆکیۆمێنتاری "دیستانت" لە دەرهێنانی لەیلا تۆپراک، فیلمی سینەمایی "بەرەو ئازادی" لە دەرهێنانی عه‌لیڕه‌زا محه‌مدیان وهەروەها فیلمی دۆکیۆمێنتاری "دیالۆگ" لە دەرهێنانی سلیم یۆڵدز لەم خولەی فێستیڤاڵه‌كه‌دا بایه‌خی زۆر به بە رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگه‌ی کوردی دەدەن.
سه‌باره‌ت به كاری سینه‌مایی بۆ منداڵانی كورد، حسام یوسفی باسی له‌وه‌شكرد، له فێستیڤاڵه‌كه‌دا بایه‌خ بە فیلمی منداڵان دەدرێت. له‌و میانه‌یه‌دا بەهاوکاری رێکخراوی "یەکماڵ" و هەروەها "زارۆك تی ڤی" فیلمی منداڵان بە زمانەکانی کوردی و ئه‌ڵمانی بۆ منداڵانی کەم تەمەن و ژێر 18 ساڵان نمایش ده‌كرێن.