ھونەرمەند ئەنوەر شێخانی بۆ چارەسەری پزیشكی لە دەرەوەی وڵاتە

لە نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا لە ژێر چاودێری پزیشكاندایە

K24 - هەولێر:

ئەنوەر شێخانی، ئەكتەر و شانۆكار، باری تەندرووستی ناجێگیرە و ماوەی سێ هەفتەیە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری میونخی ئەڵمانیا، لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە.

هەردی ئەنوەر، كوڕی هونەرمەند ئەنوەر شێخانی بە كوردستان 24ی راگەیاند: "ماوەی سێ هەفتەیە باوكم  لە نەخۆشخانەیە و بەهۆی سەختی نەخۆشییەكەشی، پزیشكان لە ژێر چاودێری هێشتوویانەتەوە. ئێستا لە نەخۆشخانەکانی کلینیکوم ڕێشت دێر ئیسار و کلینیکوم منشنی شاری میونخ لە ئەڵمانیا لەژێر چاودێری پزیشكیدایە".

 

ژیاننامەی ئەنوەر شێخانی

 

ئەنوەر شێخانی لە دایک بووی ساڵی 1951 و دەستپێکی کاری ھونەری لە ساڵی 1970 لە تیپی پێشڕەوی سەر بە سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بووە، یەکەمین شانۆ بەناوی (سەرەتان) بەشداری تێدا کرد، بەڵام بۆ تۆماری تەلەفزیۆنی ناوەکەی گۆڕا بۆ (مارەیی).

ـ دوای 5 ساڵ لە کاری رێکخستن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نەورۆزی 1973 بە تۆمەتی سیاسی دەستگیر دەكرێت و لەگەڵ ئەشکەنجەدان و ڕاگواستن بۆ دیوانیە، پاشان رادەكات و و پەیوەندی بە بارەگای هێزی دەشتی هەولێر لە دەکات لە دێگەڵە و دەبێتە پێشمەرگە، سەرەتا لە ناوچەی قەڵادزێ دەبێت، دوای شۆڕش دەچێتە ئێران و لە ساڵی 1976 دەگەڕێتەوە، راستەوخۆ لە دوای گەڕانەوە دووبارە رادەگوازرێتەوە بۆ دیوانیە.

لە ساڵی (1976)، لە رێگەی هەڵبژاردن بووەتە بەڕێوبەری ھونەری کۆمەڵ و ھونەر و وێژەی کورد مەڵبەندی گشتی، لەبەر ڕێگریکردن لە دەستوەردانی چالاکی حزبی بەعس نەیانهێشت لە ساڵێک زیاتر بەردەوام بێت.

دامەزرێنەری کۆمەڵەی ھونەرمەندانی کوردستان/ هەولێر 31/3/1991.

دەستەی دامەزرێنەری تەلەفزیۆنی (KTV)، 1992.

دەستەی دامەزرێنەری چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی بووە و دیارترینیان بەرنامە جەماوەرییە ارتجالیەکەی ھەگبەی کوردەواری، وەکو یەکەمین بەرنامەی فۆلکلۆری و کولتووری و لە هەمان کاتدا وەکو یەکێک لە ئەکتەری سەرەکییەکان بۆ ماوەی 10 ساڵ (1993-2003) بەردەوام بوو لە ktv.

دەستەی دامەزرێنەری سەندیکای ھونەرمەندانی کورردستان،  لە ساڵی 1998، (4) ساڵيش وەکو سکرتێری گشتی سەندیکا هەڵبژێردرا.

لەگەڵ یەکگرتنەوەی سەندیکا و یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان لە کۆنگرەی یەکگرتن لە ساڵی 2006، وەکو سکرتێری گشتی رێکخراوی ھونەرمەندانی کوردستان هەڵبژێردرا و کارەکتەری سەرەکی بوو لە پێشخستنی یەکگرتنەوەکە و ڕێکخراوەکە بوو.

ـ زیاتر لە 60 کاری شانۆيی وەکو ئەکتەر و بەڕێوەبەری بەرهەم و دەرهێنان بەشداری کردووە.

وەکو ئەکتەرو بەرھەم ھێنەر بەشداری نزیکەی لە 10 فیلمی سینەمايی ناوخۆیی و بیانی درێژ کردووە و فیلمەکان لە فیستیڤاڵە جیھانيیەکان دەسکەوتی بەرچاویان ھەبووە.

سەرپەرشتی و بەشداری دەیان درامای کردووە و رۆڵی سەرەکی ھەبووە لە دەیان کورتە فیلم، بەVێوەبەری بەرهەمی دیکۆمێنتاری، دیارترینیان کە ناوبانگی نێودەوڵەتی بەرچاوی هەبوو؛ (گۆڕە بەکۆمەڵەکان، علی کیمیایی).

بەشداری چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە و خاوەنی چەندین خەڵاتى رێزلێنانە.

 

ا. م

ھونەرمەند ئەنوەر شێخانی بۆ چارەسەری پزیشكی لە دەرەوەی وڵاتە
ھونەرمەند ئەنوەر شێخانی بۆ چارەسەری پزیشكی لە دەرەوەی وڵاتە