بەهۆی پشوودان بۆ چەند چرکەیەک تەقە لە سەماکەرێک دەکرێت

لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی لە هیندستان

K24 – هه‌ولێر:

لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی، ماڵی زاوا کە سەر بە سەرۆکی گوندەکەن، کچە سەماکەرێک بە سەختی بریندار دەکەن تەنها لەبەری ئەوەی لە نێوان گۆرانییەکان کەمێک پشوو وەردەگرێت.

لە هەرێمی ئوتار پرادێش لە هیندستان، کچە سەماکارێکی بۆنەکان بە ناوی هینا، تەمەن 22 ساڵ، لەگەڵ هاوڕێیەکی سەما دەکات، بەڵام کاتێک دەیەوێت کەمێک پشوو وەربگرێت، ماڵی زاوا داوای لێ دەکەن بەردەوام بێت دەنا دەیکوژن، دوای چەند چرکەیەک گولـلەیەک لە سەری دەدەن.

پۆلیس دوو کەسی بە تۆمەتی بریندارکردنی ئەو خانمە دەستگیر کردووە.

وەک لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت، سەرەڕای ئەو خانمە بە گولـلەیەک دەپێکرێت، ئامادەبوانی ئاهەنگەکە زۆر خۆیان سەرقاڵ ناکەن پێوەی.

ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، رۆژانە لە هیندستان 90 حاڵەتی دەستدرێژی کردنە سەر خانمان تۆمار دەکرێت و بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە دەستدرێژی سێکسی دژی خانمان تیایدا لە ئاستێکی مەترسیداردایە. تەنها ساڵی پار، 127 هەزار و 800 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی لە هیندستان تۆمار کراوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی دەیلی مەیل، کوشتن لە ئاهەنگەکان لە هیندستان شتێکی باوە بەوەی ئامادەبوان چەک لەگەڵ خۆیان دەهێنن و لە ئاهەنگەکە بەکاری دەهێنن.