کریستیانۆ رۆناڵدۆ: تاهەتایە زیدان لە دڵم دەمێنێتەوە چونکە زۆر راستگۆ بوو لەگەڵم

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆیەکەمجار قسەیەکی نهێنی زیدان ئاشکرا دەکات

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە نوێترین دیمانەیدا ستایشی زیدان دەکات و دەڵێت تاهەتایە لەدڵم دەمێنێتەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆی یاریزانی پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی و ئێستای یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی دازن لەبارەی زینەدین زیدانی راهێنەری ریال مەدریدەوە دەڵێت 'زیدان زۆر یارمەتی منی داوە، رێزێکی زۆرم بۆی هەیە، دوای کارکردنم لەگەڵی بە هەڵسوکەوتەکانی وایلێکردم زۆر لە جاران زیاتر پێی سەرسام بم، زۆر سەرسام بووم بە شیوازی قسەکردن و ئاراستەکردنی تیپەکەمان و مامەڵەکردنی لەگەڵ یاریزانەکان'.
هەروەها کریستیانۆ لەبارەی راهێنەرەکەی پێشووی دەڵێت 'زیدان هەمیشە پێی دەگوتم کریستیانۆ پێویستە پشوو بدەیت چونکە تەنیا تۆ دەتوانی لە یارییەکان جیاوازی دروست بکەی و بەهانامانەوە بێی'. کریستیانۆ دەڵێت لەبەر ئەوەی زیدان زۆر راستگۆ بوو تاهەتایە لەدڵم دەمێنێتەوە.
کریستیانۆ لە سەرەتای ساڵی 2016وە تاکو هاوینی 2018 لە ژێر سەرپەرشتی زیدان لە ریال مەدرید یاریی کرد و بەیەکەوە سێ نازناوی چامپیۆنزلیگیان لەسەر یەکتری بەدەستهێنا.