فیلمێکی کوردی خه‌ڵاتی گه‌وره‌ترین فێستیڤاڵی فیلم له‌ به‌لجیكا به‌ده‌ست ده‌هێنێت

سەهیم عومەر لەرێگەی سێ کورتەفیلمەوە 98 خەڵاتی بەدەستهێناوە

K24 – هه‌ولێر:

یەکەم فیلمی درێژی سینەماکاری کورد، سەهیم عومەر خەلیفە، بەناوی "زاگرۆس" خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت – Gentی به‌ده‌ستهێنا.

زاگرۆس، یەکەم فیلمی درێژی سینەماکارێکی کوردە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی كێنت، کە بە گەورەترین فێستیڤاڵی فیلمی سینەمایی لەبەلجیکا ناسراوە، خەڵاتی گەورەی فیستیڤاڵی بەدەستھێنا.

 

"زاگرۆس" چیرۆکی شوانێک بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە کە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو کوردستان بەهەشتە، بەڵام هاوژینەکەی هاڤین و کچەکەی رەیهان، روودەکەنە بەلژیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وڵاتە.

لە بەلژیکا زۆر شتی نوێ لەبارەی هاوژینەکەیەوە دەزانێت و متمانەی جارانی پێ نامێنێت، بۆیە دەخوازێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نیشتمان.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە باکووری کوردستان، یۆنان و بەلژیکا وێنەگیراوە.

لەم بەرهەمە سینەماییەدا، هەریەکە لە فەیاز دۆمان، حەلیما ئێلتەر و سوات ئۆستا و هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی کورد، هۆزان برادەر، رۆڵ دەگێڕن.

"زاگرۆس" بەرهەمێکی هاوبەشی بەلژیکا و هۆڵەندایە، پرۆدیۆسەری سەرەکی فیلمەکە دریس فالیپۆیە و سەهیم عومەر، جەین- کلود و ڤان ریچکهام سیناریۆکەیان ئامادەکردووە.

کارێ وێنەگرتن، دەنگ و مۆنتاژی فیلمەکە، لەلایەن سینەماکارانی بەلژیکی و هۆڵەندییەوە کراوە.

"زاگرۆس" جگە لەم فێستیڤاڵە، لە چەند فێستیڤاڵێکی دیکەی سینەماییدا وەرگیراوە.

فیلمی "زاگرۆس" لە 15 تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر 2017 لە هۆڵە سینەماییەکانی بەلژیکا دەستپێدەکات.

سەهیم عومەر خەلیفە، پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، "وڵاتی پاڵەوانان" و "نێچیرڤانی خراپ"، 98 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە.

دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، دواتریش "نێچیرڤانی خراپ"، لە لیستی 10 کورتەفیلمە کاندیدکراوەکان بوون بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتەفیلم.