فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رەخنەگرتنی فیلم (فیپرسی) هەڵسەنگاندن بۆ فیلمەکانی فێستیڤاڵی فیلم لە دهۆک دەکات

کوردستان24 هاوبەشی میدیایی فێستیڤاڵەکەیە

K24- دهۆک:

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رەخنەگرتن لە فیلم (فیپرسی) کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم ئەنجامدا و تیایدا باسیان لە گرنگی فێستیڤاڵەکە بۆ دهۆک و هەرێمی کوردستان کرد.

شەوکەت ئەمین کۆرکی، بەڕێوەبەری هونەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دهۆک رایگەیاند، فیپرسی خاوەن متمانەیەکی زۆرە لە جیهان و خەڵاتی فیپرسی لە زۆر فێستیڤاڵی جیهانی دەبەخشرێتە فیلمە سەرکەوتووەکان.

راشیگەیاند، دووەم ساڵە لە دهۆک دیاری فیپرسی دەبەخشرێت.

رادۆڤان هۆلوب، دادوەری چیکی و ئەندامی فیپرسی، ئەزموونی خۆی لەگەڵ فیلمی کوردیدا خستە بەر باس و گووتی، یەکەمجار لە ساڵانی شەستەکان گوێم لە ناوی کوردستان بوو، لە چیکۆسلۆڤاکیای ئەوکات دەمانخوێند. ئاماژەی بەوەشدا، من لە ئەبو زەبی، تاران و ئیستانبوڵ پێشتر وەک دادوەر بەشداریم کردووە کە هەندێک فیلمی کوردی تێدا نمایشکران و زۆر گرنگ بوون بۆ من.

لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24 لەبارەی گرنگی فیلم بۆ دەستخستنی مافەکانی هەر میللەتێک، ئەو دادوەرە چیکییە گووتی، لە رووی هونەریەوە فیلم گرنگی زۆرە بۆ ناساندنی گەلێک، بە خەڵکی دەرەوە دەتانناسێنێت و دەتوانێت کاریگەری زۆری هەبێت. من ئێزدییەکان وەک نموونە دەهێنمەوە، بەهۆی فیلمەوە من لە بارەی ئێزدییەکان دەزانم، بەڵام ئەگەر لە رووی سیاسییەوە سەیر بکەین پێم وایە ئەمە کارێکی ئاسان نییە.

سێ دادوەری نێودەوڵەتی  کە خەڵکی چیک و فینلەندا و ئیتاڵیان، هەڵسەنگاندن بۆ فیلمەکان دەکەن و یارمەتی هەڵبژاردنی باشترینەکان لە حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم دەدەن.

H.J