بەڵگەی داگیرکردنی ئۆرشەلیم لە لایەن بابلییەکان دۆزرایەوە

بابلییەکان دوو هەزار و 600 ساڵ لەمەوبەر ئۆرشەلیمیان داگیرکردووە

K24 – هه‌ولێر:

شوێنەوارناسان لە چیای زایۆن (سەهیۆن) لە ئۆرشەلیمی ئیسرائیل بەڵگەیەکیان دۆزیەوە کە دەیسەلمێنێت، ئۆرشەلیم (قودس) دوو هەزار و 600 ساڵ لەمەوبەر لە لایەن بابلییەکان داگیرکراوە.

شوێنەوارناسانی زانکۆی باکووری کارۆلینا چەند پارچە گۆزە، خۆڵەمێشی تەختە، سەرە ڕم و خشڵیان لە چیای زایۆن دۆزیوەتەوە کە پێشتر لە لایەن بابلییەکان بەکارهێنراون و بەڵگەی ئەوەن ئەو ناوچەیەی ئێستای ئیسرائیلیان داگیرکردووە.

شیمۆ گیبسۆن، پرۆفیسۆری شوێنەوارناس و یەکێک لە ئەندامانی تیمە شوێنەوارناسەکە بە ماڵپەڕی دەیلی مەیلی گوتووە: "جێهێشتنی خشڵ و کەلوپەلی گرانبەها و وێرانبوونی شارەکە، بە واتای داگیرکرایی دێت، توێژینەوەکەمان ئاشکراشیکردووە، بابلییەکان لە ساڵی 586 بۆ587 پێش زاینی، شارەکەیان داگیرکردووە".

ئەوەی لای توێژەران بووەتە جێی باس ئەوەیە، لە ئینجیلدا باس لەو داگیرکارییە کراوە: "شارەکە لا لەیەن پێشڕەوی بابیلۆن، نەبوزاردان، داگیرکرا و ماڵی خودا و پاشا و تەواوی خەڵکی ئۆرشەلیم سووتا. برسێتی بڵاوبووەوە و خەڵکی نان نەبوو بیخۆن".

هەفتەی پێشووش ئەوە ئاشکرا کرا، لە میانی جەنگی یەکەمی خاچی کریستیانەکان (جەنگی سەلیبی یەکەم – 1096 بۆ 1099 زاینی لە نێوان کریستیان و مووسوڵمانەکان)، شاری ئۆرشەلیم داگیرکراوە.

بابلییەکان لە نزیک رووباری فوڕات و شاری حللەی ئێستا خاوەن شارستانیەتێکی دێرین بەناوی شارستانیەتی بابیلۆن بوون و شاری بابلیش سەنتەری ئەو ئیمپراتۆرییە بوو. گرنگی زۆریان بە خانووبەرە و ئاودێریی و کشتوکاڵ و رێگاوبان داوە، هەروەها بازرگانیان پێشخستووە و باخچە هەڵواسراوەکانی بابلیش، بە یەکێک لە حەوت و سەیر و سەمەرەکەی جیهان دادەنرێت.

H.J