فشاری دەروونی چی بەسەر پرۆسەی هەرس دێنێت؟

کێشەی بۆ پرۆسەی هەرس دروست دەبێت

K24 – هه‌ولێر:

فشاری دەروونی کار دەکاتە سەر پرۆسەی هەرس، ئەمەش هەواڵێکی نوێ نییە، بەڵام ئەوە ئاشکرا کراوە، هەندێکجار فشاری دەروونی کار دەکاتە سەر پرۆسەی هەرس و خواردنمان، بەبێ ئەوەی هەست بە فشارەکە بکەین.

نیکۆل لیپمان، پرۆفیسۆر لە دەرووناسیی لەو بارەیەوە نووسیویەتی، زۆر کەس وا دەزانێت پرۆسەی هەرس بە جوینی خواردن دەستپێدەکات، بەڵام لە راستیدا پرۆسەی هەرس سەرەتا لە مێشکدا بڕیاری لەسەر دەدرێت و دەست پێدەکات.

فشاری دەروونی چی بەسەر لەشدا دەهێنێت؟

کاتێک فشاری دەروونیت دەبێت یان خەمێک بەرۆکت دەگرێت، لیکە رژێنەکانت چالاکیان لاواز دەبێت و ترشە هەرسکەرەکانی گەدە بەشێوەیەکی ئاسایی کار ناکەن.

هەروەها بەهۆی فشارە، مێشک خۆی ئامادە دەکات بۆ شەڕ و لەشی مرۆڤ دەکەوێتە دۆخێکی نالەبار، بەمەش لەشی مرۆڤ ئەو چالاکی و پرۆسانەی کە کەمتر گرنگن، رادەگرێت. پرۆسەی هەرسیش یەکێکە لەوان.

کاریگەری خواردن کاتێک فشارمان دەبێت

ئەگەر فشاری دەروونیمان هەبێت و هەر نانیش بخۆین، ئەوا ئەگەر هەیە دووچاری دڵە کزێ و تێکچوونی ریخۆڵە ببیت چونکە گەدەت باش کارناکات.

هەروەها ئەو خواردنەی دەیخۆی باش هەرس نابێت ئەمەش زیانی بۆ بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵە دەبێت.

بەشێوەیەکی گشتی، لەو دۆخەدا، تۆ خواردن دەخۆیت، بەڵام گەدە و ریخۆڵەت ئامادە نین بۆ هەرسکردن و وەرگرتنی خواردن.

ئەو پزیشکە رێنمایمان دەکات، پێش خواردن هەوڵ بدەین فشارەکانمان کەم بکەینەوە ئەوەیش بە رێگای هەڵمژینی هەناسەی قووڵ و ئەو تەکنیکانەی دەبنە هۆی کەمکردنەوەی فشاری دەروونی.

mbgHealth