ئێران ده‌يه‌وێت پيشانگه‌يه‌كى كتێب بكاته‌ سه‌كۆى دژايه‌تيكردنى ئه‌مريكا

بوونی چەند تابڵۆیەك لە ناو پێشانگای کتێبی ئێران لە هەولێر کە دژی ئەمەریکا بوون کێشە دەخاتە نێوان وەزارەتی رۆشنبیری و سەرپەرشتیاری پێشانگاکە و دواتریش تابڵۆکان هەڵدەگیرێن.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/2b9e875e-0cda-4874-9f79-022e83dae310/eran%20pishanga.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

بوونی چەند تابڵۆیەك  لە ناو پێشانگای کتێبی ئێران لە هەولێر کە دژی ئەمەریکا بوون کێشە دەخاتە نێوان وەزارەتی رۆشنبیری و سەرپەرشتیاری پێشانگاکە و دواتریش تابڵۆکان هەڵدەگیرێن.

بە گوێره‌ی بەدواداچوونەکانی کوردستان 24 ئەو تابڵۆیانە ناوەڕۆکەکەیان باسی پەیوەندی بەهێزی نێوان ئەمەریکا و داعش و سیاسەتی ئێران لەدژی ئەمەریکا بوون، سەرپەرشتیاری پێشانگاکەش ئه‌م زانیاریيە‌ پشتڕاست دەکاتەوە  به‌رپرسانی وەزارەتی رۆشنبیرییش دەڵێن تابڵۆکانمان لابردووە.

كۆمارى ئیسلامی ئێران لە هەولێرەوە دژایەتی ئەمەریکا دەکات، لەم پێشانگایە لە نێو وەزارەتی رۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک کاریکاتێر کە دژی ئەمەریکا بوون لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نمایش کراون، بەڵام دوای  دروستبوونی دەنگی ناڕەزایەتی  ئەو کاریکاتێرانە هەڵگیراون.

سەرپەرشتیاری پێشانگاکە دەڵێت کاریکاتێرەکان باسیان لە تاوانەکانی ئەمەریکا و  پشتگیری ئەمەریکا و بیری توندڕەویان دەکرد.

تیمی کوردستان 24 زۆر هەوڵی دا وێنەی کاریکاتێرەکان تۆمار بکات، بەڵام لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە رێگریان لێ گیرا.

بە پێ گرێبەستی وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان و ئێران نابێت کتێب و تابڵۆکانی ئەو پێشانگایە دژی هیچ لایەنێک  و  هاندانی رەگەزپەرستی و توندوتیژی بن، بەڵام ئێران پێشێلی گرێبەستەکەی کردووە و دواتر وەزارەتی رۆشنبیری تابڵۆکانی پێ هەڵگرتوون.