قەرزی سەر وڵاتانی جیھان ژمارەی پێوانەیی تۆماردەكات

قەرزی سەر وڵاتانی جیھان بۆ 188 ترلیۆن دۆلار زیادبووە

K24 - ھەولێر

سندووقی نەختینەی نێودوڵەتی رایگەیاندووە، قەرزی جیھان ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كردووە، بەجۆرێك گەیشتووەتە 188 ترلیۆن دۆلار.

كریستالینا گیۆرگیفییا، بەڕێوەبەری سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەداوە كە قەرزی جیھان گەیشتووەتە ژمارەیەكی پێوانەیی بەجۆرێك دەگاتە 188 ترلیۆن دۆلار، كە  230% كۆی بەرھەمی نێوخۆیی جیھان پێكدێنێت.

گیۆرگیفییا لە كۆنگرەی ساڵانەی ئابووری كە لە واشنتن بەڕێوەچوو رایگەیاند، قەرزی گشتی و تایبەتی سەر وڵاتانی جیھان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە و بەراورد بە ساڵی رابردوو بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، ھەر بۆیە پێویستە لەسەر حكوومەتی وڵاتانی جیھان ھەموو ھەوڵێكی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی رێگری لە قووڵتربوونی ئەو قەرزانە بدەن، چونكە كاریگەری لەسەر گەشەی ئابووری جیھان كردووە و دەبێتە ھۆكار كە نەتوانرێت قەرز بدرێتەوە لە داھاتوودا.

ھ.م