له‌ قه‌ڵادزێ یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون به‌سه‌ر هاووڵاتییان دابه‌ش ده‌كرێت

داوا لە ھاووڵاتیان دەكرێت فۆڕم پڕ بكەنەوە

K24 - قەڵادزێ

له‌ قه‌ڵادزێ یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌ش ده‌كرێت و هاووڵاتیان ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌،  كه‌ هه‌ر كه‌سێك ده‌یه‌وێت سوودمەندبێت، پێویسته‌ فۆڕم پڕ بكاته‌وه‌.

لە راگەیەندراوێكدا به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئاماری پشده‌ر رایگه‌یاند، لە ‌مانگی داهاتووه‌ ده‌ست به ‌دابه‌شكردنی فۆڕمی یه‌كه‌ی نیشته‌جیببون دەكرێت.

ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتیان و فەرمانبەران و چین و توێژەکانی سەنتەری شاری قەڵادزێ دەکەنەوە کە کرێنشینن یان کەمدەرامەتن،  ئێستا شوقە یان یەكەكانی نیشتەجێبوونی شاری قەڵادزێ کە دەکەونە نزیکی عەلوەی قەڵادزێ تەواوبوون و ئامادەن بۆ دابەشکردن، لەسەر یەکە نیشتەجیبووەکان و مەرجەکانی دابەشکردن و شێوازی دابەشکردن بۆ هەموو لایەک بڵاودەکەنەوە.

ئاماژە بەوەكراوە، ژمارەی سەرجەم یەکەکان 84 یەکەی نیشتەجێبوونە و رووبەری هەر یەکەیەک 107 مەتر دووجایە، سوودمەند بە شێوەی قیستی مانگانە یان ساڵانە دەتوانێت پارەی یەکەی نیشتەجێبوون بداتەوە بە حکوومەت، و لە ماوەی 25 ساڵدا پێویستە سەرجەم قیستەکانی تەواو کردبێت، قیستی مانگانە بۆ یەکەیەکی نیشتەجێبوون 174 ھەزار و 250 دینارە، بەڵام قیستی ساڵانە  2 ملیۆن و 91  هەزار دینارە.

ھ.م