بازاری زێڕ له‌ چاوەڕوانی بڕیارێكی بانکی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكادایه‌

نرخی زێڕ به‌ جێگیری ماوه‌ته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ کەمێک بەرزبووەوە، وەبەرهێنەران بە وردیەوە چاودێری بڕیاری بانکی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا دەکەن لە بارەی دیاریکردنی رێژەی سوود.

نرخی زێڕ بە رێژەی 0.09% بەرزبووەوە و لە دەوروبەری ئاستی 1502.69 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوەدەکرێت، لە کاتێکدا گرێبەستە داهاتووەکانی ئەو کانزا زەردە بۆ مانگی کانوونی یەکەم (دیسەمبەر) بە رێژەی 0.21% بۆ 1510.20 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە. 

ئەمڕۆ چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی بانکی فیدراڵی ئەمه‌ریکایە لە بارەی سیاسەتی نەختینەیی، بۆ دیاریکردنی رێژەی سوود.

لە لایەکی دیکەوە شانشینی سعوودیە لە بارەی خستنەڕوو دڵنیایی بە بازاڕەکاندا، بەوەش نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد لە کاتێکدا رۆژی دووشەممە لەگەڵ کرانەوەی بازاڕ نرخی نەوت گەورەترین رێژەی بەرزبوونەوەی رۆژانە لە 29 ساڵی رابردوویدا تۆمارکرد، وەزیری وزەی سعوودیە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگە ئاستی بەرهەمهێنان وەک پێشووی بەرزدەبێتەوە.

لەبارەی کانزاکانی دیکەش، زیو بە رێژەی 0.4% بۆ 17.94 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی و پلاتین 0.2% بۆ 941.08 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی.

کانزای پلادیۆمیش بە رێژەی 0.3% بۆ ئاستی 1593.74 دۆلار دابەزی، بەوەش بۆ چوارەمین رۆژی مامەڵەکردن لەسەر یەک لە دابەزیندایە.

هاوکات پێنوێنی دۆلاریش کە پێوانەی سەبەتەی 6 دراوە سەرەکییەکەیە، بە رێژەی 0.23% بەرزبووەوە و لە دەوروبەری 97.993 خاڵ مامەڵەی پێوەدەکرێت.