ئەمهریکا دەیەوێت قەواڵەی 50 ساڵی دەربکات
K24 – ههولێر:
ئهمهریكا دەیەوێت بۆ ئاسانکردنی قەبارەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی، قەواڵەی درێژخایەن دەربکات.
ستیڤن منوچن، وەزیری گەنجینەی ئهمهریكا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان قەواڵەی 50 ساڵی لە ماوەیەکی نزیکی ئەمساڵدا دەردەکات، ئەوەش بۆ ئەوەی هاوکار بێت لە ساناکردنی قەرزە کەڵەکەبووەکانی. هەروەها ئەگەر لەو هەوڵە سەرکەوتن توێژینەوە دەکەن بۆ دەرکردنی قەواڵەی 100 ساڵی.
منوچن ئاماژەی بەوەشدا، ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمهریكا بۆ دەرکردنی قەواڵەی درێژخایەن ماوەیەکی زۆرە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.
وەزیری گەنجینەی ئهمهریكا دەشڵێت: "ئامادەکاری دەکەین بۆ دەرکردنی قەواڵەی 50 ساڵی، بێگومان ماوەکەی زۆر درێژە، بەڵام پێمان وایە خواستی لەسەر دەبێت".
ئەو قەواڵانەش بە درێژترین ماوە دادەنرێن لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمهریكا، بە جۆرێک تاوەکو ئێستا قەواڵەی 30 ساڵی درێژترین ماوەی هەبووە لە ئهمهریكا.
ئەو لێدوانەی منوچن رۆژێک دوای توویتەکەی دۆناڵد ترەمپ دێت، کە داوای کردبوو دووبارە چاوخشاندنەوە بە قەرزەکانی ئهمهریكا بکرێت، هەروەها رێگەی دیکە بدۆزرێتەوە بۆ ساناکردنی قەرزەکان کە قەبارەکەی گەیشتووەتە 22.5 ترلیۆن دۆلار.
زیاتر لە 10 وڵاتی پێشکەوتوو قەواڵەی درێژمەودایان لە نێوان 40 بۆ 100 ساڵ دەرکردووە، بۆ نموونە کەنەدا لە ساڵی 2014 قەواڵەی دەرکرد ماوەکەی 50 ساڵ بوو. هەروەها لەم چەند ساڵەی دواییدا هەریەکە لە مەکسیک و بەلجیکا و ئێرلهندا قەرزییان بۆ 100 ساڵ پێشکەشکردووە. لە هەمان کاتدا چەندین کۆمپانیای جیاواز قەواڵەیان پێشکەشکردووە کە ماوەکەی 100 ساڵە.
سهرچاوه: رۆیتەرز