عێراق ده‌یان ملیۆن دۆلار به پێڵاوی توركی ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی توركیا رایگه‌یاند، له سه‌ره‌تای ساڵی 2019 وه تا ئێستا هه‌نارده‌ی پێڵاو و كه‌ره‌سته چه‌رمه‌كانی توركیا بۆ ده‌ره‌وه گه‌یشتووه‌ته ملیارێك و 550 ملیۆن دۆلار، عێراق پاش رووسیا و ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا چواره‌م وڵاته له هاورده‌كردنی پێڵاوی توركی و به به‌های 78 ملیۆن دۆلار پێڵاو و كه‌ره‌سته‌ی چه‌رمی ئه‌و وڵاته‌ی هاورده كردووه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 8/12/2019 مسته‌فا شینۆچاك، سه‌رۆكی هه‌نارده‌كارانی كه‌ره‌سته له چه‌رم دروستكراوه‌كان له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا گووتی: "توركیا پێڵاو هه‌نارده‌ی 186 وڵاتی جیهان ده‌كات و له ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌شی هه‌نارده‌ی 202 ده‌وڵه‌ت كردووه كه له چه‌رم درووست ده‌كرێن".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، رووسیا به به‌های 170 ملیۆن دۆلار و ئه‌ڵمانیا به 115 ملیۆن و ئیتالیا به 113 ملیۆن و عێراق به 78 ملیۆن دۆلار پێڵاو و كه‌ره‌سته‌ی دیكه‌ی له چه‌رم دروستكراوی توركیایان هاورده كردووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه وڵاته‌كه‌ی ده‌یه‌وێت، له ساڵی 2020 دا هه‌نارده‌كانی بۆ ده‌ره‌وه زیاتر بكات و ئه‌و كه‌رته زیاتر ببوژێنێته‌وه. هه‌نارده‌ی وڵاته‌كه‌ش بۆ ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیووه.