باشی کوالیتی بەنزینی ئەمساڵ کێشەی سووتانی فیول پەمپی کەمکردووەتەوە

کێشەی کەمی و خراپی کوالیتی بەنزین لە سلێمانی تا رادەیەک چارەسەرکراوە

K24 – سلێمانی:

سەرەڕای ئەوەی وەرزی ھاوینە و پلەکانی گەرما بەرزن، بەڵام ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو کوالێتی بەنزین باشە، شۆفێران کەمتر رووبەڕوی گرفتی سوتانی فیول پەمپ دەبنەوە.

ھۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کوالێتی بەنزین بە ھەموو جۆرەکانیەوە لە ساڵانی ڕابردوو باشترە، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانیش دەڵێت کاری سەرەکییان ھێنانی بەنزینی باشە و ھەوڵیش دەدەن ئەوەی کە ئێستا ھەیە باشتری بکەن .

پارێزگای سلێمانی ڕۆژانە پێویستی بە دوو ملیۆن و 500 ھەزار لیتر بەنزین ھەیە بۆ ئەوەی پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە، بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان ٢٤، ئێستا رۆژانە لەو بڕە زیاتر دەگاتە پارێزگای سلێمانی، بۆیە ئەستەمە وەک ساڵانی رابردوو کێشەی کەمی بەنزین لە پارێزگای سلێمانی سەرھەڵبدات.

H.J