یەكەم پڕۆژەی گاوداری و شیردۆشی لە ھەڵەبجە دەكرێتەوە

ھەڵەبجە ئامادەیە شیر ھەناردەی شارەكانی دیكە بكات
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

پڕۆژەی گاوداری و شیردۆشی ھەڵەبجە کرایەوە، ئەو پڕۆژەیە رۆژانە یەك تۆن و نیو شیر بەرھەمدێنێ و لەتوانایدایە پێداویستی پارێزگای ھەڵەبجە پڕبکاتەوە و ئەگەر بێت و ھاوکاری بکرێن و کارئاسانیان بۆ بکرێت، ئەوا دەتوانرێت رەوانەی پارێزگاکانی دیکەش بکرێت.

پڕۆژەی دروستکردنی گاودارییەکی لەم شێوەیە پڕۆژەیەكی نوێیە، چونكە ئەو پڕۆژەیە لە پارێزگای ھەڵەبجە گەورەترین پڕۆژەی بەخێوکردنی مانگای گۆشت و شیرە كە بە شێوازێکی مۆدێرن دروست کراوە، خاوەنی پڕۆژەکە ئاواتەخوازە کە کارگەیەکی دروست کردنی بەرھەمە شیرەمەنیەکان لەو سنورە دروست بکرێت، تا ئەوانیش بتوانن بەرھەمی گێڵکەکەیان لەوی ساغ بکەنەوەو ھەلی کار بۆ سەدان گەنج بڕەخسێنن.

لە گاوداری و شیردۆشی ھەڵەبجە، بەشێوازێکی تەندروست و مۆدێرن شیر لە مانگاکان وەردەرن و پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ ناوچەکە، پارێزگاری ھەڵەبجە دڵخۆشە بەکردنەوەی پڕۆژەکە و دەڵێت "ھاوکاری تەواویان دەکەین، تاوەکو بتوانن پڕۆژەکە زیاتر بەرەو پێشەوەبەرن".

پڕۆژەی گاوداری و شیردۆشی ھەڵەبجە لەسەر رووبەری 12 ھەزارو 500 مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، کە 400 سەر مانگای گۆشت و شیر لەخۆدەگریت و 8 دۆنم زەوی بۆ تەرخانکراوە، بۆ بەرھەمھێنانی وێنجە و ئالیکی تایبەتە بە پڕۆژەکەیان و رۆژانە، نزیکەی یەک تۆن و نیو شیریان ھەیە ئەو پڕۆژەیە بڕی تێچووی 2 ملیۆن دۆلارە.

ھ.م