زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووی بەرزدەبێتەوە

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین نرخی زێڕ بەرزدەکاتەوە

K24 - ھەولێر   

لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووی بەرزبووەوە،و بەهۆی مەترسییەکان لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهای زۆربەی پشککەکان دابەزین.

وەبەرهێنەران بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لە زیانەکانی بازاڕ روویان لە كڕینی پەناگە ئارامەکان کردووە لە نێویشیدا زێڕ کە بەهۆیەوە بەرزبووەتەوە.

نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 0.6% بۆ 1579.42 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، و نرخی گرێبەستە داهاتووەکانی ئەمەریکاش بە رێژەی 0.5% بۆ 1579.50 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە.

لە لایەکی دیکەوە، دوای بڵاوبوونەوەی ژمارەی کۆچکردووان بە هۆی نەخۆشی کۆرۆنا بۆ 81 کەس و تووشبووان بۆ 2700، پشکەکانی ئاسیا بە گشتی دابەزین. بەڵام یەنی ژاپۆنی کە وەک پەناگەیەکی ئارام لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت ئاراستەی بەرزبوونەوەی وەرگرت.

هاوکات وەبەرهێنەران چاوەڕوانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەمساڵی بانکی فیدڕاڵی ئەمەریکا دەکەن لە بارەی سیاسەتی نوێی بانەکەکە لەمساڵدا کە بڕیارە 28 و 29 ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، پێشبینییەکان بۆ ئەوەی رێژەی سوود بێ گۆڕانکاری وەک خۆی دیاریبکرێتەوە.

لەبارەی کانزاکانی دیکەش، زیو بە رێژەی 0.4% بۆ 18.16 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە، پلادیۆم 1.7% بۆ 2387.19 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە، بەڵام پلاتین بە رێژی 0.5% بۆ 996.15 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە.

ھ.م