راپۆرتی ئۆپیك و تەقینەوەی کەشتی نەوتهەڵگری ئێران نرخی نەوت بەرزدەکەنەوە

لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیەوە بووبێت

K24 – هه‌ولێر:

کەشتییەکی نەوت هەڵگری سەر بە کۆمپانیای نەوتی ئێرانی لە دەریای سوور تەقییەوە،  بە گوێرەی ئاژانسەکان، کۆمپانیای خاوەنداری کەشتییەکە پێی وایە تەقینەوە لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیەوە بووبێت.

دوای تەقینەوەکە نرخی نەوتی خاوی برێنت و تێکساس زیاتر لە دۆلارێک بەرزبوونەوە.

بەوەش بەرمیلێک نەوتی برێنت لە سەرووی 60 دۆلار و بەرمیلێک نەوتی تێکساس لە نزیک 58 دۆلار مامەڵەیان پێوەدەکرێت.

هاوکات بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لە دوێنی پێنجشەممەوە بەردەوامە، کە هۆکارەکەی گەشبینییەکانە بە دانوستاندنە بازرگانییەکانی نێوان ئەمه‌ریکا و چین، سەرەڕای ئەوەی جارێکی دیکە رێکخراوی ئۆپێک پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خواستی جیهانی لە ساڵی 2019 بڵاوکردەوە.

لە راپۆرتی مانگانەی ئۆپێکدا هاتووە، بەرهەمی نەوتی ئەندامانی ئۆپێک زیاتر لە 1.3 ملیۆن بەرمیل رۆژانە لە مانگی رابردوو دابەزیووە، جگە لەوەی بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەی ئارامکۆ زیانی بە هەناردەی نەوتی سعودیە گەیاندووە.

رێکخراوی ئۆپێک پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خواست نەوتی جیهانی بۆ ئەمساڵ دابەزاند، بەڵام پێشبینییەکانی بۆ خواست لە ساڵی 2020 وەک خۆی دیاریکرد.