كار بۆ نەھێشتنی جیاوازی مووچە لە عێراق دەكرێت

بڕیارەكە بەشێك لە فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بە گوێرەی ھەموارکردنەوەی یاسای خزمەتی فیدڕاڵی، جیاوازی مووچە لە عێراق ناھێڵدرێت و ئەو فەرمانبەرانەی ھەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، کە فه‌رمانگه‌كانیان راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ حكوومه‌تی عێراق و مووچەکانیان له‌ بەغداوه‌ دێت، ئەندامێکی لیژنەی دارایش وردەکاری زیاتر بۆ کوردستان24 دەخاتەڕوو.

لە پەرلەمانی عێراق و لە رێگەی پڕۆژە یاسایەکەوە کار بۆ ئەوە دەکرێت مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی حکوومەتی عێراق ھاوتای یەک بکرێت، بەو واتایەی هیچ وەزارەتێک مووچەی فەرمانبەرانی زیاتر نەبێت لە موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی وەزارەتێکی دیکە، چونكه‌ جیاوازی له‌ مووچه‌، بووەته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران زیاتر هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی راژه‌كانیان بكه‌ن بۆ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی مووچه‌یان زیاتره‌، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پڕۆژە یاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوەو ئێستا لە پەرلەمانە پێشبینیش دەکات لە ئایندەیەکی نزیکدا دەنگی لەسەر بدرێت.

چەند فەرمانگەیەک لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن و مووچەی فەرمانبەرەنەکانیشیان سەر بە بەغدایە، نوێنەرێکی دیکەی کورد دەڵێت، پڕۆژەکە ئەو فەرمانبەرانەی ھەرێمیش دەگرێتەوە کە مووچەکانیان سەر بە بەغدایە.

بە وتەی ئەندامانی لیژنەی دارایی پڕۆژەکە دوای ئەوەی دەبێتە یاسا حکوومەت پابەند دەبێت بەوەی جێبەجێی بکات، بەڵام  پڕۆژە یاسای بوودجە بۆ ئەمساڵ پەسەند کراوەو مووچەی فەرمانبەرانیشی تێدا جێگیر کراوە، ئەگەر جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە فشار لە سەر حکوومەت زیاد بکات، دەتوانێت بۆ ئەمساڵ پابەند نەبێت پێوەی و ساڵی داھاتوو کاری پێبکرێت، بەڵام ئەگەر بوودجەی کەمتری بوێت رەنگە یاساکە جێبەجێبکرێت.

ھ.م