حكوومه‌ت سێ بڕیار لەبارەی رێکخستنی بازاڕ و نرخی هێلکە ده‌رده‌كات

رێنماییه‌كانی هاورده‌كردنی هێلكه‌ یه‌كده‌خرێت

K24 - هه‌ولێر:

رێباز حەملان، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە وەکالەت سێ بڕیاری لەبارەی رێکخستنی بازاڕ و نرخی هێلکە دەرکرد و به‌ گوێره‌ی بڕیاره‌كانیش، بۆ رێكخستنی بازاڕی هێلكه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان ئه‌نجام ده‌درێت.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه‌، وه‌زاره‌تی ناوخۆش راده‌سپێدرێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆنتڕۆڵی هاورده‌كردنی هێلكه‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ رێگه‌ی نایاسایی نه‌هێنرێته‌ هه‌رێمی كوردستان.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، لێژنه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی رێنماییه‌كانی هاورده‌كردنی هێلكه‌ یه‌كبخه‌ن.

دەقی بڕیارەکان:

یەکەم: ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری وەزارەت بەئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی سامانی ئاژەڵ لە پارێزگاكان و خاوەن كێڵگەكان بۆ تاووتوێكردنی بابەتی بەرهەمی هێلكە و رێكخستنی بازاڕ و دابینكردنی پێداویستی خاوەن كێڵگەكان و دیاریكردنی نرخی هێلكە.

دووەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری بەمەبەستی سەردانی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی فیدراڵ بۆ یەكخستنی رێنماییەكانی هاوردەكردنی هێلكە و بە ره‌چاوكردنی پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ.

سێیەم: ئاگاداركردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ و لایەنی پەیوەندیدار بۆ توندكردنی خاڵە سنوورییەكان و رێگەگرتنی هاوردەكردنی هێلكە بە رێگەی نایاسایی لەبەربوونی مەترسی لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان.

ئ. م