دۆلاری ئەمه‌ریکی دەگەشێتەوە

ئه‌مڕۆ دۆلاری ئەمه‌ریکی ئاراستەی بەرزبوونەوەی وەرگرت

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ دۆلاری ئەمه‌ریکی ئاراستەی بەرزبوونەوەی وەرگرت، دوای ئەوەی دۆلاری ئوستراڵی رووبەڕووی فرۆشتن بووەوە، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین کرد کاتژمێر 11:41 بە کاتی هەولێر گەیشتە 98.162 خاڵ.

لە لایەکی دیکەوە دوای ئەوەی نرخی نەوت بەشێک لە دەستکەوتەکانی رۆژی دووشەممەی لەدەستدا، وەبەرهێنەران یەنی ژاپۆنی فرانکی سویسری دەفرۆشن لە کاتێکدا لەگەڵ بەرزبووەنەوەی نرخی نەوت بۆ خۆپاراستن روویان لە کڕینی ئەو دراوانە وەک پەناگەیەکی ئارام کردبوو.

هاوکات دۆلاری ئەمه‌ریکی بەرامبەر یەنی ژاپۆنی بۆ بەرزترین ئاستی سەرەتای مانگی ئابی رابردوو بەرزبووەوە، لە 108.36 یەن نزیکبووەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ تۆکیۆ واژۆ کردووە.

بەڵام دۆلار لە جووڵەیەکی کەمدایە، وەبەرهێنەران چاوەڕێی کۆبوونەوەی بانکی ناوەندی ئەمه‌ریکا دەکەن، کە چوارشەممە ئەنجام دەدرێت و پێشبینییەکان بەهێزن بە دابەزاندنی رێژەی سوود، هەروەها رۆژی پێنجشەممەش بانکی ناوەندی ژاپۆن کۆدەبێتەوە تێیدا تاوتوێی رێوشوێنی زیاتری هەنگاوەکانی پشتیوانیكردنی دەکرێت.

هەروەها یۆرۆی ئەوروپیش بەرزبووەوە بۆ 1.1010 دۆلار، لە کاتێکدا فرەنکی سویسری بەشێوەیەکی کەم بۆ 0.9919 دۆلار دابەزی.

جووڵەی گەورە لە نێوان دراوە سەرەکییەکان و دۆلاری ئوستراڵیدایە، کە بە رێژەی 0.4% بۆ کەمترین ئاستی 11 رۆژی رابردووی دابەزی، لەگەڵ خۆی دۆلاری نیوزلەندیشی دابەزاند، ئەوەش دوای ئەوەی بانکی ناوەندی ئوستراڵیا ئاماژەی بە هەندێک رێوشوێنی ئاسانکاریدا بۆ کۆبوونەوەی داهاتوویان.