چەندین رێككەوتنی ئابووری لە نێوان عێراق و چین واژۆ دەكرێن

عێراق و چین ھەوڵی پتەوكردنی پەیوەندی نێوانیان دەدەن

K24 - ھەولێر

چین رایدەگەیەنێت، ھەموو ئامادەكارییەكیان تێدایە بۆ ئەوەی روو لە عێراق بكەن و پەیوەندییە ئابوورییەكانیان لەگەڵ وڵاتەكە پێشبخەن.

عادل عەبدولمەھدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كاتی سەردانەكەی بۆ شانگھای رایگەیاند، عێراق سەر بە ئاسیایە و ھەوڵدەدەن كە ببنە بەشێك لە ھەستانەوەی ئابوورییەكەی.

ئاماژەی بەوەشدا، چین لە پێشی ھەموو ئەو وڵاتانەوە دێت كە سەركردایەتی ھەستانەوەی ئابووری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەكات، ھەر بۆیە ھەوڵدەدەن كە ھەماھەنگیان لەگەڵ ئەو وڵاتە ھەبێت و پەیوەندییەكی  پتەو و ھەمیشەیی دروستبكەن.

لە بەرامبەردا ئان یۆنگ پارێزگاری شانگھای بە عەبدولمەھدی راگەیاندووە،  شانگھای بە ھەموو كۆمپانیا جۆراوجۆرەكانیەوە ئامادەیە لە سەرجەم بوارەكانی عێراقدا كار بكات بەتایبەتی ژێرخانی بنەڕەتی، ھەر بۆیە بڕیارە چەندین رێككەوتنی ئابوورییانەی جیاجیا لە نێوان ھەردوولا واژۆ بكرێت.

ھ.م