عێراق بۆ کاری هاوبەش دەرگا بەڕووی سێ وڵات دەکاتەوە

"پلانی ستراتیژی بۆ کەرتە جیاوازەکان هەیە"

K24 - ھەولێر

راوێژکارێكی دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق دەرگای بە رووی ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور واڵا کردووە، بۆ ئەوەی رێککەوتنامەی هاوبەش واژۆ بکەن، واشنتنیش پێشوازی لەو پێشنیازە کردووە.

ئەو راوێژکارە بۆ ئاژانسی فەرمی عێراقی رایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق پێشوازی لە ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور دەکات بۆ ئەوەی رێککەوتنەمای هاوبەش واژۆ بکەن، کە پەیوەست بن بە ژێرخانی ئابووری و بەرهەمهێنانی راستەوخۆ و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی و کەرتەکانی دیکە.

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، لایەنی ئەمەریکی پێشوازیان لەو بیرۆکەیە کردووە و پەیمانیان داوە دوای توێژینەوە وەڵام بدەنەوە.

گوتیشی: "عێراق پلانی ستراتیژی بۆ کەرتە جیاوازەکان هەیە، بەڵام پێویستی بە بزوێنەری دیپلۆماسی هەیە بۆ ئەوەی چالاکیان بکات".

ئەمە لە کاتێکدایە، عادل عەبدولمەهدی لە ئەیلوولی ساڵی رابردوو بە شاندێکی باڵا سەردانی چینی کرد و چەندین رێککەوتنی لە کەرتە جیاوازەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە واژۆ کرد.

ھ.م