ھوواوی وەڵامی ئەمەریكا دەداتەوە

"بڕیارەكە لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەك نییە و تەنیا گرتنەبەری سیاسەتێكە"

K24 - ھەولێر

ھوواوی وەڵامی بڕیارەكەی ئەمەریكا دەداتەوە سەبارەت بە درێژكردنەوەی وادەی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان.

كۆمپانیای ھوواوی چینی لە بەیاننامەیەكیدا رایگەیاندووە، ئەو بڕیارەی لەم كاتەدا ئەمەریكا داویەتی سەبارەت بە درێژكردنەوەی وادەی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمەریكا بۆ ماوەی 90 رۆژ، ھیچ پەیوەندییەكی بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكاوە نییە، بەڵكو یەكێكە لە سیاسەتەكانی ئەو وڵاتە و لە كاتی پێویستدا بەكاری دەھێنێت، چونكە لە بەرژەوەندی ھیچ لایەكدا نییە تەنانەت كۆمپانیا ئەمەریكییەكانیش.

كۆمپانیا چینییەكە جەختی لەوەشكردەوە، ئەو ھەوڵانەی كە ئەمەریكا دەیدات بۆ خنكاندنی ھوواوی یارمەتی وڵاتەكە نادات كە لە بواری تەكنەلۆژیادا سەركەوتن تۆمار بكات.

لە مانگی ئایاری رابردوو، حكوومەتی ئەمەریكا كۆمپانیای ھوواوی چینی خستە نێو لسیتی رەشەوە و رێگە لە ھاوردەكارانی ئەمەریكی گرت كە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكە بكەن.

ھ.م