ھەناردەی نەوتی عێراق بەراورد بە 2018 بەرزبووەتەوە

بە تێكڕای 107 ملیۆن بەرمیل بووە لە مانگێكدا

K24 – هه‌ولێر:

ئاستی ھەناردەی نەوتی عێراق لە سەرەتایی ئەمساڵەوە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و بە تێكڕای 107 ملیۆن بەرمیل بووە لە مانگێكدا.

لە سەرەتایی ئەمساڵەوە تا كۆتاییەكانی مانگی تەمموز، ئاستی ھەناردەی نەوت لە عێراق زیاتر لە 750 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە بە تێكڕای 107 ملیۆن بەرمیلی مانگانە، بەو جۆرەش داھاتێكی تۆمار كردووە گەیشتووەتە زیاتر لە 46 ملیار دۆلار كە بە تێكڕای 6 ملیار و 66 ملیۆن دۆلاری مانگانە بووە.

ھاوكات تێكڕای نرخی بڕی فرۆشراو گەیشتووتە 62 دۆلار و 22 سەنت بۆ ھەر بەرمیلێك و زیادەی تۆماركردووە بە بەراورد بە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو.

سەبارەت بە ھەناردەی نەوتی لە رێگەی بەندەری بەسرەوە سەدا 97 ی كۆی ھەناردەكانی پێكھێناوە لە كاتێكدا كە لە رێگەی بەندەری جەیھانی توركی و كێڵگەی گەیارە تەنیا سەدا 3 ی كۆی ھەناردەكانی پێكھێناوە و مانگی ئایار بەرزترین داھات تۆمار كراوە بەجۆرێك گەیشتووتە 7 ملیار دۆلار بە بەراورد بە مانگی پێشووتری.