زێڕ شوێن بە دۆلار لەق دەكات

رووسیا و چین زێڕ لە دژی دۆلار بەكاردەھێنن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر          

تادێ خواست لەسەر كڕینی كانزا زەردەكە لەلایەن چین و رووسیا زیاتر دەبێت و ھەوڵی دوورخستنەوەی دۆلاریش دەدەن لە بازاڕەكاندا. دۆلاری بەھۆی بەھای بەھێزییەكەی و ناجێگری نرخەكەی، زیانێكی زۆری بە وڵاتان گەیاندووە لەسەروشیانەوە چین و رووسیا، لەماوەی ساڵی رابردووشدا كڕین و فرۆشتن بە زێڕ ژمارەی پێوانەیی لە مێژوویدا تۆماركردووە.

زێر ئەو كاڵایەی چەند سەدەیە پارێزگاری لە نرخی و بەھاكەی كردووە، كاریگەری گەورەشی بەسەر سیاسەتی نەختینەیی جیھانەوە ھەیە، ئەمەش وایكردووە ئابووری ھەموو وڵاتێك پشتی پێببەستێت، خەریكە كانزا زەردەكە جێگەی دۆلار لە بازاڕەكاندا لەق دەكات، ئەگەرچی دۆلار ھێشتا ھێزو پێگەی خۆی لە بازاڕدا ماوە، بەڵام خواستی چەند وڵاتێكی زلھێزی وەكو رووسیا و چین لەسەر زێڕ زیاتر دەبێت و ھەوڵی دوورخستنەوەی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییەكان دەدەن، بەگوێرەی ئامارێكی بانكە ناوەندیییەكان، ساڵی رابردوو كڕین و فرۆشتنی زێڕ بەرزترین ئاستی لەمێژوودا تۆماركردووەو وڵاتانی نزیك لە رووسیا و چین دۆلارەكانیان بە زێڕ دەگۆڕنەوە.

بەكاریگەری بڕیارەكانی ئەمەریكا لە ھەمبەر ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان و ناجێگری بەھای دۆلار بەرامبەر دراوەكان، وایكردووە ركاربەرەكانی دۆلار،متمانەیان بە دۆلار نەمێنێت و ھەوڵی كڕینی كانزا زەردەكە بدەن، بەتایبەتی چین، كە ركاربەری سەرخستی ئابووری ئەمەریكایە، لەماوەی چەند ساڵی رابردووی ھەوڵی كڕینی زێڕێكی زۆری داوە كە تاكو ئێستا نادیارە چەند تۆن زێڕی بۆ رۆژی تەنگانە یەدەگ كردووە.

بانكە ناوەندییەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، تەنیا لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە 374 تۆن زێڕ كڕین و فرۆشتنیان پێوەكراوەو بەجۆرێك دۆلارەكانیان بە زێڕ گۆڕیووەتەوە.

ئەوەشیانخسووەتەوە، كڕینەكە لە ھەموو وڵاتانەوە نییە و بەڵكو ژمارەیەك وڵات، لەسەروویانەوە رووسیا و چین و توركیا پۆڵەندا و ھەنگاریا لەماوەی ساڵی رابردوودا زۆرترین زێڕیان كڕیووە.

بەگوێرەی شارەزایان بازاڕی زێڕ، رووسیا و چین دەزانن كە لەداھاتوودا دۆلاری ئەمەریكی دادەكەوێ و بەھاكەی لەدەستدەدات، بۆیە چین تائێستا یەدەگی زێڕی وڵاتاكەی ئاشكرانەكردووە.

ئەگەرچی ئەمەریكا خاوەنی زۆرترین یەدەگی زێڕەو رووسیا پێنجەمە لە ریزبەندیییە، بەڵام رووسیا و چین لەماوەی چەند ساڵی رابردوو بەرێژەیەكی بەرچاو زێڕیان كڕیووە، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت رووسیا و چین خۆیان بۆ شەڕی زێڕ و دۆلار ئامادەكردووەو ھەروەھا ھەوڵی بەھێزكردنی دۆلاریش دەدەن لە بازاڕە جیھانییەكاندا.

ھ.م