ئەمەریكا پاڵپشتی پلانەكانی ھەرێمی کوردستان بۆ كەرتی كارەبا دەكات

"پێویستە عێراق كەشی كاركردنی باشتر بۆ وەبەرھێنەری دەرەكی بڕەخسێنێت"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە كۆڕبەندی داھاتووی وزە كە لە بەغدا بەڕێوەچوو، ماثيو تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئاماژەی بەوەدا، ئەمەریكا پاڵپشتی پلانەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكات بەتایبەتی لە كەرتی كارەبادا بە ئامانجی ئەوەی  وزەی زیاتر دابین بكرێت، سەبارەت بە عێراقیش  تولەر دەڵێت، سەرجەم ھاوكارییە ھونەرییەكانی پەیوەندیدار بە بازاڕی گازی سرووشتی دابینكراوە، بە ئامانجی ئەوەی تا ساڵی 2030 سووتاندنی گاز لە عێراق بگاتە سفر.

كه‌سی یه‌كه‌م ئه‌مەریكا له‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، پشتگیریی هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ته‌حه‌دیانه‌ی له‌سه‌ر خه‌رجی گشتی هه‌یه‌ و هاوكاری كوردستانیش ده‌كه‌ن، له‌ كه‌رتی كاره‌بادا و  هۆشداریش له‌باره‌ی ئاینده‌ی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی عێراق ده‌دات و پێشبینی ده‌كات، كه‌ هه‌تا ساڵی 2030 سووتانی گازی عێراق بگاته‌ سفر.

لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی وزە كە لە بەغدای پایتەختی عێراق بە ئامادەبوونی محەمەد باركیندۆ، ئەمینداری گشتی رێكخراوی ئۆپێك و جێگری سەرۆكوەزیرانی كاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری كارەبا و ژمارەیەك بەرپرسی ئەو وەزارەتانە بەڕێوەچوو، تاوتوێی پرسی وزە و داھاتووی ئەو كەرتە و چارەسەركردنی گیروگرفتەكان لە عێراق كرا.

ھەر لە كۆڕبەندەكەدا ماثيو تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق رایگەیاند كە ئەمەریكا پێشبینی دەكات، نزمبوونەوەی تێكڕای گاز لە لە عێراق تا ساڵی 2030 بگاتە سفر و حكوومەتی ئەمەریكا سەرجەم ھاوكارییە ھونەرییەكانی پەیوەندیدار بە بازاڕی گازی سرووشتی دابینكردووە، بە ئامانجی كەمكردنەوەی سووتاندنی گاز بۆ سفر  لەو وڵاتە.

تولەر، ئاماژەی بەوەشداوە ئەمەریكا پاڵپشتی پلانەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیانەی كە كاریگەری لەسەر خەرجی گشتی و جۆری ژیانی ھاووڵاتییان دەكات.

 گوتیشی، ھاوكاری وەزارەتی كارەبا لە ھەرێمی كوردستان دەكەن بۆ ئەوەی وزەی زیاتر دابین بكرێت و چاودێری بەكارھێنان و سەرجەم داھاتەكانیش بكرێت.

سەبارەت بە كەشی وەبەرھێنان لە عێراق، باڵیۆزی ئەمەریكا دەڵێت، تاوەكو ئێستاش بە تەحەدایەكی گەورە لەبەردەم وەبەرھێنەرە ئەمەریكییەكان و نێودەوڵەتییەكان دادەنرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە لەسەر حكوومەتی عێراق ئاسۆیەكی روونتری ھەبێت بۆ بەدەستھێنانی داھاتێكی  دارایی گەورە لە كەرتە ئابوورییەكانی وڵاتەكە، بە ئامانجی ئەوەی وەبەرھێنەر بەرگەی مەترسییە داراییەكان بگرێت، لەو كەرتانەی كە پێویستی بە سەرمایەی گەورە ھەیە، بەتایبەتی كەرەتی وزە،  ھەر بۆیە ئەمەریكا پاڵپشتی عێراق دەكات بۆ ئەوەی ئاسانكاری لە كارە بازرگانییەكان بكات و ئاسانكاری زیاتر بۆ كاری وەبەرھێنەران بكات ، ھەروەھا ھانی حكوومەتی عێراق دەدات، كە ببێتە خاوەنی ئەو فاكتەرە نێودەوڵەتییانەی كە لە وڵاتانی دیكە لە سەرجەم بوارەكاندا ھەیانە وەك ڤیزا، گومرگ ، باج و دروستكردنی كار، ئەوەش وادەكات كە وەبەرھێنەری دەرەكی بێترس لە داھاتووی كارەكانیان روو لە پارێزگاكانی عێراق بكەن، بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرھێنان لە سەرجەم بوارەكاندا.

ھ.م